لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین و ئاستێکی پێوانەیی نوێ تۆماردەکات

ئەمڕۆ نرخی لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاستێکی نوێ دابەزی، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕوانی ئاماژەکان بون بۆ هەنگاوەکانی سیاسەتی دراو دوای دەستنیشانکردنی سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی، کە پێشبینی دەکرێت رێژەی سود بەرزبکاتەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە نرخی لیرە بەڕێژەی 1.3% دابەزی و گەیشتە 23.65 بەرامبەر دۆلار، دوای ئەوەی شەوی رابردو نزمترین ئاستی خۆی تۆمارکرد کە 23.77 بەرامبەر دۆلار بو، هەروەها دراوەکە ئەمساڵ زیاتر لە 21%ی بەهای خۆی لەدەستداوە.

ڕۆژی هەینی رابردو رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، حەفیزە گای ئەرکان، کە پێشتر لە دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا کاری دەکرد، وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا دەستنیشانکرد.

پێشبینی دەکرێت پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان سیاسەتەکانی ئێستا بگۆڕێت و ڕێژەی سود بەرز بکاتەوە دوای کەمکردنەوەی بۆ ساڵانێک.