سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زەنگی مەترسی لێدا لەبارەی داهاتووی ئابووری عێراق

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زەنگی مەترسی لێدا بەو پێشبینییانەی لەبارەی داهاتووی تاریکی ئابووری عێراق کردی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خەرجی و دابەزینی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە یەک کاتدا. لە هەمان کاتدا ڕاوێژکارێکی حکومەت ڕەتی دەکاتەوە مەترسییەکی وا گەورە لەسەر عێراق هەبێت.

لەبارەی ڕاپۆرتەکەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی نەبیل مەرسومی، شارەزا لە کاروباری دارایی دەڵێت، “ڕاپۆرتەکەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژە بە پاشەکشەی ئابووری عێراق و کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ دەکات، ئەوەش بەهۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و دابەزینی نرخەکانی نەوت، کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەریان لەسەر گەشەی ئابووری عێراق داناوە”.

دەشڵێت، عێراق لەسەر لێواری مەترسی ئابووریدایە، تەنها بە دابەزینی نرخی نەوت وای لێدێت ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانیش دابین بکات، بەتایبەتی کە جگە لە نەوت سەرچاوەی دیکەی داهاتی نییە، تا ئێستا خاوەنی سندوقێکی سیادی نییە تا لەکاتی لاوازبوونی دۆخی ئابووری پەنای بۆ ببرێت، بۆیە ئابووری عێراق بە هەمیشەیی لەسەر لێواری کۆتایی وەستاوە.

جەخت لەوەش دەکاتەوە، بودجەی ٢٠٢٣ بارگرانییەکی گەورەی گشتی دروستکردووە لەڕێی زیادکردنی ژمارەی فەرمانبەر و مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و هاوردەی غاز و کارەبا، تێچووی ئەم بارگرانییانەش زۆر زیاترە لەو بڕە داهاتەی پێشبینیکراوە لەماوەی داهاتوودا لە نەوتەوە بەدەستبهێنرێت، ئەمەش دڵنیامان دەکاتەوە کە مەترسی ڕاستەقینەی ئابووری لەسەر عێراق هەیە.

ڕۆژی پێنجشەممە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئابووری عێراق بڵاوکردەوە لەدوای ئەو کۆبوونەوەیەی ژمارەیەک لە شارەزایانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەماوەی نێوان ٢٤ بۆ ٣١ی ئایار لە ئوردن ئەنجامیاندا، تێیدا ئاماژە بە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری عێراق کراوە و ئاماژە بەوە کراوە لەمساڵدا بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی ٪٥ کەمدەکات، ئەمەش بەهۆکاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەس و ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی کەرکوک بەرەو بەندەری جەیهان.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەسەر ئاستی ساڵانە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی نانەوتی بەڕێژەی ٪٩ کەمیکردووە، هەر لەو ڕاپۆرتەدا هۆشداری لەبارەی زیادبوونی هەڵاوسان و بەردەوامی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی دراوە بیانییەکان و ناسەقامگیری نرخەکانی نەوت دراوە کە هۆکاری سەرەکین بۆ پاشەکشەی ئابووری عێراق.

لایخۆیەوە مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووری و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، ڕاپۆرتەکەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زۆر ڕەشبینانەیە، ڕێکخراوە داراییە نێودەوڵەتییە فرەلایەنەکان بەگشتی پشت بە هەندێک فاکتەری سیاسی و ژینگەیی دەبەستن تەنانەت ئەگەر کاتیش بن، تا سیناریۆیەکی خەمناک لەبارەی داهاتووی ئابووری عێراق بهێننەئاراوە.