كۆی گشتی ئەو هەناردە و داهاتانەی لە فرۆشتنی نەوت بۆ یەكەم مانگی ئەمساڵ بەدەستهاتوون گەیشتونەتە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، كۆی گشتی ئەو هەناردە و داهاتانەی لە فرۆشتنی نەوت بۆ یەكەم مانگی ئەمساڵ بەدەستهاتوون گەیشتونەتە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار كە هەر بەرمیلێك بە 83 دۆلارو 24 سەنت فرۆشراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 1ی شوباتی 2022 وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایداهاتووە، بەگوێرەی ئامارەكانی یەكەم مانگی ساڵی ٢٠٢٢ كە لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی بڵاوكراوەتەوە، رێژەی نەوتی خاوی هەناردەكراو 99 ملیۆن و 286 هەزار و 78 بەرمیل نەوت بووە و داهاتەكەشی هەشت ملیار و 27 ملیۆن دۆلار بووە.

هەروەها ئەوەی خستۆتەروو كۆی بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو بۆ مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 96 ملیۆن و 430 هەزار و 596 بەرمیل بووە و لە كێڵگەكانی كەركوك كە لەرێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردەكردراوە دوو ملیۆن و 545 هەزارو 656 بەرمیل بووە.

هەروەها رێژەی نەوتی هەناردەكراوی رۆژانە زیاتر بووە لە سێ ملیۆن و 203 هەزار بەرمیل و نرخی هەر بەرمیلێكیش 83 دۆلار و 24 سەنت فرۆشراوە.