كۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان: وەزیری کشتوکاڵ هاوردەکردنی مریشکی بەستووی قەدەغە کردووە، بەڵام هەر دەهێنرێت

ئا: زریان محەمەد

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی‌و گەرمیان‌و هەڵەبجەو ڕاپەرین ڕایدەگەیەنێت “وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ماوەی دووساڵە هاوردەکردنی مریشکی بەستوی قەدەغە کردووە، بەڵام هەندێک لایەنی پابەند نابن بەو بڕیارەوەو بەردەوام هاوردەکردنی مریشکی بەستو دەکرێت‌و لەبازاڕەکاندا دەفرۆشرێت”.

نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری سلێمانی‌و ئیدارەی گەرمیان‌و هەڵەبجەو ڕاپەرین بەڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” راگەیاند “ئێمە بەردەوام جەخت دەکەینەوە لەسەر پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی‌و پشتیوانیکردن لەکەرتی بەرهەمهێنانی بەروبومە خۆماڵیەکان، بەو پێیەی پەلەوەر توانیویەتی پێداویستی ناوخۆیی بەزیادەوە پڕ بکاتەوە، بەڵام هەتا ئێستا پشتیوانیمان ناكرێت تا بتوانین بەردەوام بین‌و توشی زیانی زۆر نەبین بۆ بەردەوام بوونمان لەزیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان داوای لەحکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، پێداچوونەوە بەهاوردەی مریشکی بەستوو بکەنەوەو ڕێگە نەدەن بەقاچاغ‌و بەبێ باج بهێنرێت، لەبەرئەوەی خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان لەزیانێکی گەورەدان، ئەوەش بەهۆی هاوردەکردنی مریشکی دەرەوە بەبڕی زۆرو نرخی هەرزان.

لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان ئەوەش رون دەکاتەوە کە هەرچەندە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە هاوردەکردنی مریشکی بەستومان قەدەغەکردووە، بەڵام بەڕێگای دەروازەکان‌و هاوشێوەی کاڵاکانی دیکە بەڕێگەپێدانی تایبەت مریشکی بەستوو هاوردە دەکرێت، لە کاتێکدا هیچ باجێکیان لێوەرناگیرێت ئەوەش نرخی مریشک‌و بەرهەمی ناوخۆ بەتەواوی دەشکێنێت‌و زیان بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەهەرێمی کوردستان زیاتر لەسێ هەزار کێڵگەی پەلەوەریی هەیە کە زۆرینەیان بەهۆی زیانی زۆرەوە نزیکن لەوەی دایبخەن.

لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان رایگەیاندوە کە داواکارییان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان تاوەکو داوا لەحکومەت بکات مریشکی هاوردە ڕێگەی پێبدرێت بەفەرمی بهێنرێت، بەڵام باجی بخرێتەسەر، نەک وەک ئێستا کە دەهێنرێت بەڕێگەپێدانی تایبەت‌و باجیشی لەسەر نییە.

لەمبارەوە، نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری سلێمانی‌و ئیدارەی گەرمیان‌و هەڵەبجەو ڕاپەرین، وتی “وەزیری کشتوکاڵ ماوەی دوو ساڵ‌و نیوە هاوردە کردنی مریشکی بەستوی قەدەغە کردووە، بەڵام بەداخەوە هەندێک لایەنی پەیوەندیدار هەن جێبەجێی ناکەن‌و پابەند نین بەو بڕیارەی وەزیرەوە، هەتا ئێستا بەردەوام ڕۆژانە مریشکی بەستوو لەبازاڕەکان لەدهۆک‌و زاخۆوە هەتا سلێمانی‌و گەرمیان لەمارکێتەکان‌و بازاڕدا دەفرۆشرێت، کە بەهای خۆراکی مریشکی بەستوو بەڕێژەی لە ٢٠% دەمێنێتەوە لەکاتێکدا مریشکی زندوو لە ٩٥% بەهای خۆراکی دەمێنێتەوە، ئەمەش بوەتە هۆی زیانێکی زۆر بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکانی کوردستان، لەکاتێکدا مریشکی زندوو بەشێوەیەکی زانستی دەخرێتە بازاڕەوە بەپشکنینی دکتۆری ڤێرتنەری”.

سەرۆکی کۆمەڵەی گێڵگە پەلەوەریەکان دەشڵێت “من بۆ سەرجەم خاوەن پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی مریشک رادەگەیەنم، هەر کەس‌و لایەنێک گەر عەلەفی خراپ‌و جوچکی خراپ‌و دەرمانی خراپ‌و فاکسینی خراپی پێدان، بەهیچ شێوەیەک پارە نەدەن بەخاوەنی ئەو کۆمپانیایانەی کە جوچکەکە یان عەلەفەکە یان دەرمانەکەی پێداون، چونکە ئەوانە شتی خراپ‌و کوالێتی نزمیان داوە بەخاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان”.

لەهەرێمی کوردستان تواندراوە خواستی بازاڕ بەمریشکی زندوو لەلایەن خاوەن پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی مریشک پڕبکرێتەوە بەقسەی سەرۆکی کۆمەڵەکە توانای هەناردەکردنی مریشکیان هەیە.

نازم عەبدوڵا جاف، جەختی لەوە کردەوە”لەئێستادا هەر کیلۆیەک مریشک لەناو هۆڵی کێڵگە پەلەوەریەکاندا بەدوو هەزارو ۱٠٠ دینارە، بەڵام هەر کیلۆیەک سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن پڕۆژە دەکەوێت کە هەر کیلۆیەک زەرەری هەزار دینارە بۆ خاوەن پڕۆژەو حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا هیچ جۆرە هاوکارییەکی نەکردوین، لەکاتێکدا ئێمە ئاسایشی خۆراکمان دروستکردووە، بەڵام سەیرە حکومەتی هەرێم هیچ بازاڕێکی بۆ نەکردوینەتەوە کە بتوانین بەردەوام بین لەبەرهەمهێنانی مریشکی زیندوو”.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان دەربارەی کارگەکانی عەلەف‌‌و جوجك هەڵهێنەرو کۆمپانیاکانی دەرمان و ڤاکسین، وتی “لەهەرێمی لەکوردستان ۳۸ کارگەی عەلەفمان هەیە کە هەر یەکەیان کوالێتی جۆرێکەو نرخەکەشی جۆرێکە، بەداخەوە هیچ چاودێرییەک لەلایەن لایەنە پەیوەندی دارەکانەوە نییە، نزیکەی ٤٥ بۆ ٥٠ هەڵهێنەری جوچکمان هەیە کە لە ٢٠%یان جوچکی خراپ دەدەن بەخاوەن پڕۆژەکان کە کوالێتیان بەرز نیەو هەریەکەو بەنرخێک، بەسەدان کۆمپانیای دەرمان‌و فاکسینمان لەهەرێمی کوردستان هەیە کە هەریەکەیان بەجۆرێک بەکوالێتیەکی جیاواز دەیدەن بەخاوەن پڕۆژەکان لەهەرێمی کوردستاندا، بۆیە داواکارم لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەرخەت‌و ئەم کێشەو گرفتانەمان بۆ چارەسەر بکەن، ئەگەر نەیەن بەدەمانەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە خاوەن پڕۆژەکان بایکۆت دەست پێدەکەنەوە”.