قوباد تاڵەبانی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی یۆنان و وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتە کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی، ئەمڕۆ ٢٧ی نیسان، بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە سانۆس دۆکۆس راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی یۆنان و یۆریۆس یۆریانتەس وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەی یەکەمدا لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە چۆنییەتی پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان و لەم چوارچێوەیەشدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی یۆنان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەرێم و بە تایبەتیش لە بواری راوێژدان بە هێزە ئەمنییەکاندا.

هەردوولا بە پێویستییان زانی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات دروست بکرێت.

لە کۆبوونەوەی دووەمیشدا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی یۆنان تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاکرا لە بواری کشتوکاڵدا، بە تایبەتیش جەختکرایەوە لەسەر گواستنەوەی ئەزمونی یۆنان بۆ کوردستان لەڕووی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێرییەوە.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: کوردستان ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵییە و دەرفەتی لەباریش هەیە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و داوایکرد هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنان بدرێت بێنە کوردستان. ئامادەیشی دەربڕی هەموو جۆرێک کارئاسانییەک بکرێت بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە.