قوباد تاڵەبانی: رێگە نادەین هیچ کەسێک کێشە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دروست بکات

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی ژووری بازرگانی پارێزگای سلێمانی کرد و پشتگیری خۆی بۆ دووپات کردنەوە و رایگەیاند؛ رێگە نادەین هیچ کەس و لایەنێک کێشە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دروست بکات.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ( ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی هەڵبژاردنیانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی نوێی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد و هیوای خواست رۆڵی گرنگ ببینن لە گەشەپێدانی سلێمانی و زیادکردنی جوڵەی بازرگانی و بووژانەوەی بازاڕدا.

دوای گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم بازرگانان و وەبەرهێنەران، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا کرد و دڵنیایی پێدان کە چیتر بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک لەڕێگەی سەرانە وەرگرتن و یان هەر هەوڵێکی هاوشێوەی دیکە کێشە و گرفت بۆ وەبەرهێنەر و بازرگانان دروست بکات.

وتیشی: ستراتیژی ئێمە بەهێزکردنی کەرتی تایبەتە، هەربۆیە بە هەموو تواناوە پشتگیری بازرگان و وەبەرهێنەران دەکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت راسپێردراون هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن لەپێناو کەمکردنەوەی رۆتین لەبەردەم کارەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای کرد ژووری بازرگانی سلێمانی رۆڵ ببینێت لە هاندانی سەرمایەدار و وەبەرهێنەران تا زیاتر لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و گەشتوکاڵدا وەبەرهێنان بکەن، چونکە رێگەی راستەقینەی گەشەسەندنی کوردستان لە وەبەرهێنان لەو کەرتانەدایە و زۆرترین هەلی کاریش هەر لەم کەرتانەدا بۆ گەنجان دەڕەخسێت وئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.

لەکۆتایی کۆبوونەوەدا قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی کرد لە بازرگان و وەبەرهێنەرانی سلێمانی و ئەو فەرمانگانەی هاوکار بوون بۆ ئەوەی سلێمانی ساڵی ٢٠٢٣ لە ژمارەی پڕۆژەدا پێشەنگ بێت، لەوبارەیەوە وتی؛ ئەو سەرکەوتنە بەهەوڵ هیممەتی هەمووان بووە و چاومان لەوەیە ئەمساڵ پڕۆژەی زیاتر بکرێت لە کەرتە جیاجیاکان بۆ خزمەتکردنی سلێمانی.