قوباد تاڵەبانی بانگێشتی قەتەر دەكرێت

جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ وەزیری كاروباری دەرەوەی قەتەر كۆبووەوە و بانگێشتنامەیەكی بۆ سەردانكردنی ئەو وڵاتە پێگەیشت.

لە پەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوریی دێڵفی لە یۆنان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ سوڵتان سەعد ئەلمورەیخی وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ کاروباری دەرەوە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا. قوباد تاڵەبانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بواری پەیوەندیی نێوان زانکۆکانی کوردستان و قەتەر و هەروەها لەڕووی وەرزشی و بازرگانییەوە.

وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ کاروباری دەرەوە بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد سەردانی وڵاتی قەتەر بکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لەو بوارانەدا کە جێگەی گرنگیپێدانی هەردوولان.

هەر لە پەراوێزی یەکەم رۆژی کۆڕبەندی ساڵانەی دێڵفیدا جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ کۆنستانتینۆس زێرڤاس سەرۆکی شارەوانی سالۆنیکی یۆنان کۆبووەوە و گفتوگۆکرا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سالۆنیکی یۆنان لە بوارەکانی گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازی.

قوباد تاڵەبانی داوای لە سەرۆکی شارەوانی سالۆنیک کرد هانی وەبەرهێنەرانی سالۆنیک و وڵاتی یۆنان بدات لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و ئامادەیی هەرێمیشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە کارئاسانییەک.

کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی یەکێکە لە گرنگترین کۆڕبەندە ئابورییەکانی ئەوروپا و تیایدا بە بەشداری سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵاتان باس لە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و سیاسییەکانی جیهان دەکرێت. بۆ جاری دووەمە لەسەر یەک قوباد تاڵەبانی بەشداری لەم کۆڕبەندەدا دەکات.