فازڵ نەبی: دوای پەسەندكردنی بودجە دۆخی ئابووری هەرێم زۆر باشتر دەبێت

ئێستە گفتوگۆكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لەناو پەرلەمانی عێراق لە دوا ساتەكانیەتی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە دەكات كە بەهۆی ئەوەی حكوومەتی هەرێم رێككەوتنێكی زۆر باشی لەگەڵ بەغدا كردووە، بەجۆرێك حكوومەتی عێراق ناچار دەكات رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات و مانگانە پشكی هەرێم رەوانە بكات، بۆیە بە پەسەندكردنی بودجە دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان زۆر باشتر دەبێت.

د. فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق رایگه‌یاند، دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و جێبەجێكردن و رەوانەكردنی پشكی هەرێمی كوردستان، ئەوكات دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان زۆر باش دەبێت.

روونی كردەوە، چونكە هەرێمی كوردستان مانگانە پشكی خۆی بۆ رەوانە دەكرێت، كە دەتوانرێت مووچەی پێ بدرێت و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانیشی پێ ئەنجام بدرێت، بۆیە رێككەوتنی ئەمجارەی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی عێراق زۆر گرنگە و وەك رێككەوتنەكانی پێشوو نابێت و جێبەجێ دەكرێت.

نەبی ئاماژەی كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی لەسەری بوو بەرانبەر بە بەغدا 100% جێبەجێی كردووە، بۆیە حكوومەتی عێراق هەرچۆنێك بێت ناچارە كە پابەندی رێككەوتنەكە بێت و جێبەجێی بكات و پشكی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، چونكە هیچ رێگەی تریان لەبەردەمدا نییە، بۆیە رێككەوتنی ئەمجارەی نێوان هەرێم و بەغدا بەجۆرێكە كە گومانی تێدا نییە جێبەجێ دەكرێت .

فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ده‌ڵێت “حكوومەتی عێراق 400 ملیار دیناری بۆ مانگی چوار بۆ مووچە رەوانە كردووە، هەفتەی رابردووش ناردنی 400 ملیار دیناری تری پەسەند كرد كە رەوانە بكرێت، ئەمجارە ئەو پارەیە بۆ مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە”.