عێراق هەنگاو بۆ هێنانی غاز لە قەتەرەوە دەنێت

هاوردەكردنی غاز لە قەتەرەوە لە كۆبوونەوەیەكی نێوان وەزیری كارەبای عێراق و وەزیری نەوت و وزەی قەتەر تاوتوێكرا.

وەزارەتی كارەبای عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، عادل كەریم، وەزیری كارەبا لەگەڵ سەعد شریدە كەعبی، وەزیری نەوت و وزەی قەتەر تاوتوێی پرسی هاوردەكردنی غازیان كردووە بۆ چارەسەر و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەو سەرچاوەیەی وزەدا هەیە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.

لە دیدارەكەدا كە لە دەوحە بەڕێوەچوو تاوتوێی سەرجەم پرسە لۆجیستییە پێویستەكان بۆ هێنانی غاز لەڕێی بەندەرەكانی قەتەرەوە بۆ عێراق كراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە وەزیرە قەتەرییەكە ئامادەیی خۆی نیشانداوە، پرسەكەش پێویستی بە ڕێوشوێنی خێرا و یەكخستنی هەوڵەكان هەیە لەلایەن وەزارەتەكانی نەوت، گواستنەوە و دارایی و سەرجەمیان لەگەڵ وەزارەتی كارەبادا بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پرۆژەیە كە وەزارەتەكە “زیندوو و گرنگ” ناویبردووە.