عێراق ئۆتۆمبێل دروستدەكات

عێراق پلانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی هەیە و دەیەوێت بە نرخێكی “هەرزان” بیفرۆشێت.

“چەندین بیرۆكە هەن بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل، یەكێكیان گرێبەستكردنە بۆ هاوبەشیی تەكنەلۆجیا لەگەڵ میسردا”، ئەمە وتەی عەمار جەنابی راوێژكاری وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكاریی عێراقە و دەڵێت، “وەزارەتەكە دەستیكردووە بە پلاندانان بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی عێراقی و پەرەپێدانی ئەو پیشەسازییە بە تەواوەتی”.

راوێژكارەكەی وەزارەتی پیشەسازی رایگەیاند، “ئۆتۆمبێلی سایپا لە ئێران بە 2800 دۆلار دەفرۆشرێت، كەچی لە عێراق نرخەكەی دەگاتە حەوت هەزار دۆلار و ئەوەش نیشانەی نادروستیی پلانە”.

عەمار جەنابی دەڵێت، “پێشتر عێراق ئۆتۆمبێلی سكانیای درستدەكرد و پێداویستییە گرنگەكانی لە چەند كۆمپانیایەكی تایبەتمەندەوە هاوردە دەكرد و لە ناوخۆدا پارچەكان لێكدەدران و ئۆتۆمبێلەكان دروستدەكران”.