شوتی شارەزوور بەهۆی بێ پلانی حکومەت زیانی زۆری بەرکەوتووە

دەشتی شارەزوور و زەویوزارەکانی رۆخی رووباری سیروان، باشترین و لەبارترین زەوین بۆ کشتوکاڵ بەتایبەت بۆ هەریەک لە بەرووبوومەکانی شووتی، کاڵەک، برنج و چەندین بەرهەمی تر. لەکاتێکدا لەئێستادا، بەهۆی کەمی باران و وشکەساڵییەوە، بەشێکی زۆری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان پەکی کەوتووە.  

  وەک جووتیارەکانی دەشتی شارەزوور باسی لێوە دەکەن بەهۆی نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە گەشەپێدان و هاندانی کشتوکاڵ و بەربووبوومی ناوخۆیی، بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان رەواجێکی ئەوتۆی نییە.  

 ئەوەتا جووتیارێکی گوندی کەوتە، بەناوی لوقمان لەتیف حەمەعەلی ئاماژە بەوە دەکات سەرەڕای بەپیتیی خاکەکەیان بەرهەمێکی باشی شووتیان خستۆتە بازاڕەوە، بەڵام لە رووی ساغکردنەوەوە کێشەیان هەیە و دەڵێت ”ئەم خاکە خاکێکی زۆر بەپیت و بەبەرەکەتە. من ئەوە دوو ساڵە لێرە جووتیاری دەکەم بەبێ تێکردنی هیچ ماددەیەکی کیمیایی و تەنها بە ئاودانی، تا ئێستا ١٠ جار ئاوم داوە. کام شووتی گەورەیە نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ کیلۆیە. هیچ دەرمانێکم تێ نەکردووە.”  

 لوقمان لەتیف حەمەعەلی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکات کە باج بخرێتە سەر بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی کە هاوردە دەکرێن و دەڵێت، ”داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ئەو بەرهەمانەی هاوردەی هەرێمی دەکەن باجیان بخرێتە سەر یان کارێک بکەن جووتیاری خۆماڵی زەرەرمەند نەبێ. ماوەی دوو ساڵە جووتیاری دەکەم. ئەمساڵ نزیکەی ١٥٠ جۆر شووتیم لەسەر ئەم زەوییە کردووە، ئەگەر حکوومەتی هەرێم هاوکاریم نەکات، من زەرەر دەکەم”.  

لوقمان لەتیف حەمەعەلی سەبارەت بە خاکی دەشتی شارەزور و ناوچەی هەڵەبجە، دەڵێت، ”ئەم خاکە هەتا بڵێی چاک و پڕ پیت و بەرەکەتە. ئەم پارچە زەوییەی ئێستا من کاری تیادا دەکەم نزیکەی ٢٨ نەوارە (نەوار شریتێکی لایلۆنە بۆ کاڵەک، شووتی، خەیار و .. هتد بەکاردەهێنرێت). ئەم ٢٨ نەوارە ئەگەر زەوییەکەی خراپ نەبووایە خۆی دەدا لە نزیکەی ٢٠٠ تۆن شووتی. ٢٠٠ تۆن شووتی بۆ جووتیار زۆرە، ئەگەر کیلۆی ٣٠٠ دینارم بۆ بکات، بۆ من زۆر زۆر باشە، بەڵام ئێستا لە بازاڕەکاندا پارەیەکی وا ناکات، لەبەر ئەوەی بەرهەمی دەرەکی هاوردە دەکرێت.”  

وەک پێشنیازێکیش لوقمان لەتیف حەمەعەلی داوا دەکات کە حکوومەت لە رێی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرووبوومی ناوخۆییدا باج بخەنە سەر بەرهەمی هاوردەکراوی وڵاتان و دەڵێت، ”ئەگەر حکوومەت باج و رسوومات بخاتە سەر بەرهەمی دەرەکی بۆ ئێمە باشترە، بۆ نموونە بۆ هەر کیلۆیەک بەرهەمی شووتی هاوردە ٢٠٠ دینار بخاتە سەری بۆ ئێمە زۆر باشە، چونکە خۆی بە ٢٠٠ دینارە و ٢٠٠ دیناریش باج بخرێتە سەری، ئینجا لە عەلوە دەدرێت بە ٦٠٠ دینار، بەم جۆرە ئێمە قازانج دەکەین. ئەگەر بەرهەمی ئێمە ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ دینار بکات زۆر باشە و هیچی ترمان ناوێت، بەڵام ئەمڕۆ ٣٠٠ دیناریش ناکات.”  

لوقمان لەتیف حەمەعەلی بە دەردەدڵێکەوە دەڵێت،”ئەم زەوییانە ماوەی ٣٥ ساڵە ئاو دایپۆشیوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە لەبەر ئەوەی ئاو کەمە، ئێمە لێرەدا جووتیاری دەکەین. لە خوارەوەی رووبارەکەوە مۆلیدەیەکمان داناوە و ئەم زەوییانە هەمووی بەو ماتۆڕ (پەمپ) ئاو دەدەین. ئێستا لەبەر کەمی ئاو دوو جۆگەمان بۆ ماتۆڕەکە کردووە و لەو دوو جۆگەیەوە زەوییەکان ئاو دەدەین. ساڵی پار زیاتر لە مەترێک لە سۆندەکەمان لە ئاودا بووە، ئەمساڵ زۆر کەمترە و نزیکەی نیو مەتر دەبێت. بەرهەمی شووتییەکانمان لە ١٠ کیلۆوە تیایدایە تاکوو ٣٠ کیلۆ. پارچە زەوییشمان هەیە هەموو شووتییەکانی بەنزیکەیی ٢٥ کیلۆ دەبن.”  

  – ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ئەنادۆڵو وەرگیراوە