شاندێکی ھەرێمی کوردستان لە پیشانگای میزۆبۆتامیا لە دیاربەکر بەشدار بوون

نوێنەرانی ژووری بازرگانی سلێمانی بەشداریان کرد لە پیشانگای نێودەوڵەتی میزۆبۆتامیا بۆ گەشتوگوزار لە شاری دیاربەکر لە وڵاتی تورکیا.

بەمەبەستی ناساندنی شاری سلێمانی بەتەواوی کۆمپانیا گەشتیارییەکان نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەشداریانکرد لە پێشانگای میزۆپۆتامیا لە دیاربکر.

رێکەوتی ٢٠٢٢⁄٣⁄٢٤ لە شاری دیاربکر پێشانگای نێودەوڵەتی میزۆپۆتامیا بۆ گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی دکتۆر دارا جلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئازاد شمقار، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی نوێنەری ڕۆشنبیری سلێمانی و پارێزگاری دیاربکر و وەزیری گەشتوگوزاری تورکیاو مەمەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی دیاربکر کرایەوە.

ئازاد شمقار، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: لە پێشانگاکەدا وەک نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تەواوی بەشەکانی پێشانگامان بەسەرکردەوە لەگەڵ کۆمپانیا گەشتوگوزاریەکان قسەمانکرد، دەربارەی بەهێزکردنی پرۆسەی گەشتیاری لەنێوان هەردولادا تا بتواندرێت هاوڵاتیان ئاشناببن بە کلتور و ناوچە گەشتیارییەکانی نێوان هەردولا.

راشیگەیاند: داوامان لە بەرپرسانی دیاربکر کردووە هەوڵ بۆ کردنەوەی هێڵی ئاسمانی بدرێت بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم بەتایبەت شاری سلێمانی تا ئاسانکاری زیاتر بکرێت بەمەبەستی ھاتنی گەشتیاران و کاری کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئاسان بکرێت تاکو بتوانرێت ناوچە گەشتوگوزاریەکانی ھەرێمی کوردستان بە گەشتیاران بناسێنرێت، پێوستە زانیاری لەسەر تەواوی هۆتێل و ڕێستۆرانتەکان و ناوچە گەشتیارییەکان بە بە کۆمپانیاکانی ھەردولا بدرێت.

ئازا شمقار، ئاماژەی بەوەشدا: لە پێشانگاکەدا چاومان بەنوێنەرانی بەشێک لەکۆمپانیا گەشتوگوزاریەکان کەوت خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا گەشتوگوزاریەکانی شاری سلێمانی داوایانکرد وەک ژووری بازرگانی بینە پردێک بۆ دروستکردنی کاری هاوبەش لەنێوان کۆمپانیا گەشتیارییەکان، بەڵێنمان پێدان بەهەموو توانایەکەوە ژووری بازرگانی سلێمانی کاربکات بۆدروستکردنی ئەو پەیوەندییە.

پێشانگای نێودەوڵەتی میزۆپۆتامیا بۆ گەشتوگوزار بۆ ماوەی چوارڕۆژ لە شاری دیاربکر بەردەوام بوو.