شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی کارگەی چیای نوێ دەکات

سیروان محەمەد، سەرۆکی بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە یاوەری شاندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێری ژوور، سەردانی كۆمپانیای چیای نوێیان کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا كارگه‌كه‌یان سوتا و زەر و زیانێکی زۆری لێ کەوت.

شاندەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ھاوخەمی خۆیان بۆ خاوەنی کارگەکە دەربڕی و سیروان محەمەد ڕایگەیاند “زۆر دڵگران بووین بە بیستنی سوتانی کارگەکە، ھیوادارین دوا ناخۆشیتان بێت و کارەساتی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە”.

لای خۆشیەوە، حاجی تاهیر هەورامی، خاوەنی كۆمپانیای چیای نوێ بۆ بەرھەم ھێنانی تەپەتۆر و فۆم ڕایگەیاند “بەداخەوە کە کارگەکە توشی زیانێکی زۆر بووە کە بە ٥ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، تەواوی ئامێرەکانی کارگەکە سوتاوە، بەشێکی زۆر لە کەرەسەتە خاوەکان و ئەو بەرھەمانەی تیادا دروست کرا بوو ئامادەمان کرد بو بۆ ئەم زستانە بیخەینە بازاڕەوە سوتاوە.

راشیگه‌یاند: خۆشحاڵم ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی کردین و داواکارین بە ھەموو لایەک پشتیوانی کەرتی پیشەسازی بن لە شاری سلێمانی و ھیوادارین زووداوی ئاوا دووبارە نەبێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا، سوپاسی بێ پایانمان بۆ خوای میهرەبان لەوەی بە قەدەرێك بەسەریكردینەوە كە پێی رازین و سوجدەی شوكری بۆ دەبەین، پشتیوان بە خوای گەورە دەست دەكەین بە بونیادنانەوەی كار و پرۆژەكانمان و بەردەوام دەبینەوە لە خزمەتكردنمان بە خەڵك و خاك و وڵاتمان .