شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پارێزگاری ئورمێ کۆبونەوە

ئەو شاندە حکومی و بازرگانیەی کە سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردوە لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی و کانزای و کشتوکاڵی شاری ئورمێ و پارێزگاری ئەو شارە کۆبونەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند”ئەمڕۆ لە شاری ئورمێ کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا، لە کۆبونەکەدا باس لە گرنگی پەیوەندییەکان کرا لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ھەرێمی کوردستاندا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و شاری ئورمێ گفتوگۆی لەبارەوە کرا، دواکرا گرنگی زیاتر بە جوڵەی بازرگانی بدرێت و پەیوەندییە ئابوریەکان بەھێز بکرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا، داوامان کردوە، ئەو بارانە خۆراکیانەی کە دێت بۆ ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی باری سەوزە و میوە لە ڕێگەی ئۆتۆمبیلی ساردکەرەوە (بەڕاد) بێتە ھەرێمی کوردستان تاکو بەھای خۆراکیان کەم نەبێتەوە و خراپ نەبن، داوایەکی دیکەمان ئەوە بوو، ئێرانیەکان تەنھا بیر لەوە نەکەنەوە کاڵا و شتومەک بۆ ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکەن بەڵکو چەندین کەرەستەی خاوی پیشەسازی و کستوکاڵی و کانزای لە ھەرێمی کوردستان ھەیە کە دەکرێت ھاوردەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێت بۆیە پێویستە ڕێگە خۆش بکەن تاکو بەرھەمی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێت بۆ ئێران”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبونەوەکەدا داوامان کرد کە کۆمیتەیەکی چالاک بە ھاوبەشی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دروست بکرێت بەمەبەستی بەدواداچون کردن بۆ کێشەکانی بازرگانان و ئەو کێشانەی لە دەروازە سنوریەکان ڕودەدەن بەمەبەستی چارەسەکردنیان بە زوترین کات، پەیوەندیەکان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و پارێزگای ئورمیە بەردەوام دەبێت و ھەوڵی فرانکردنی دەدرێت، دواکارین ھانی وەبەرھێنەرانی ئێران بدەن کارگەکەنیان بھێنە ھەرێمی کوردستان و پرۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام بدەن.

شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێکھاتووە لە بەڕێزان سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور و نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆک، و ئازاد عەبدولکەریم، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژوور.