سەردانی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراق و هەرێم بۆ ژووری بازرگانی سلێمانی.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کرد.

نەوزاد غەفور،سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پێشوازیانکرد لە بەڕێزان (أثير داود سلمان)وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراق و (کەمال موسلم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و(عبدالرزاق الزهيري) سەرۆکی یەکێتی ژوورەبازرگانیەکانی عێراق.

هەردوو وەزیری بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ژووری بازرگانی سلێمانی کۆبونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا، لە کۆبونەوەکەدا باس لە کێشەو گرفتە بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و بانکیەکان کرا کە بونەتە هۆی خاوبونەوەی بازرگانی.

لەکۆبونەوەکەدا سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەنوسراوی فەرمی ئەو کێشەو گرفتانەی هەیە لەبەردەم پیشەسازان وبازرگانان و کەرتی کشتوکاڵ و بانکدا ئاراستەی وەزیری بازرگانی عێراقی کرد.

لەکۆبونەوەکەدا داواکرا حکومەتی عێراقی کار ئاسانی بکات بۆ بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازی لە ناوخۆی عێراقدا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێم و شارەکانی خواروی عێراق گرفتیان بۆ دروست نەکرێت.

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، پێویستە بازرگانان سودمەندبن لە حەواڵەکردنی دۆلار بەنرخی بانکی مەرکەزی لە کارەبازرگانیەکانیان، وە چالاکردنی کاری ئەو بانکانەی لە پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بانکی مەرکەزی عێراق کاردەکەن، تابازرگانان بتوانن سود لە بڕیارەکانی بانکی مەرکەزی وەربگرن.

هەر لەکۆبونەوەکە باس لەوەرگرتنی گەنمی جوتیاران کرا کەساڵانە بەرهەمی گەنم ڕو لەزیادبونە حکومەتی عێراق کاربکات بۆ وەرگرتنی تەواوی بەرهەمی جوتیاران.

لەکۆبونەوەکەدا داواکرا ڕێگری نەکرێت لە هاتنەناوەوەی ئاسنی (سکراب) بۆ هەرێمی کوردستان کارگەکانی بەرهەم هێنانی ئاسن پیویستیان پێیەتی.

لەکۆتای کۆبونەوەکەدا وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەو گرفتانەی باسکران.