سلێمانی پێشەنگی پابەندبونە بەمەرج و رێنماییەکانی تەندروستی

سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەت: سلێمانی پێشەنگی پابەندبونە بەمەرج و رێنماییەکانی تەندروستی

بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامیەتەوە لەمانگی رەمەزاندا تۆمارکراون، سلێمانی لەڕوی تەندروستییەوە لەسەر ئاستی شارەکانی هەرێم و عێراق پێشەنگە.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا، بەشێوەیەکی بەردەوام لیژنەکان سەردانی دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیان کردوە و لە هەڵمەتەکانیاندا پشکنینیان بۆ سەرجەم ئەو خواردن و خواردنەوانە ئەنجام داوە کە لەلایەن بازرگانەکانەوە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.

وتیشی؛ جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە بۆ خاوەن شوێنەکان و کارمەندەکانیان کە زۆربەی زۆری ئەو چێشتخانە و ریستۆرانت و هەمو ئەو شوێنانەی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەردانیکردون کە خواردن و خواردنەوە دروست دەکەن پابەندی مەرجەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەکانی دیکەی کارکردن بون.

رونیکردەوە، لەسەر بنەمای ئامارە تۆمارکراوەکانی مانگی رەمەزانی پیرۆز و بەهۆی پابەندبونی شوێنەکان بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن، سلێمانی پێشەنگی پاکوخاوێنییە لەسەر ئاستی تەواوی شارەکانی هەرێم و عێراق، کە ئەوەش ئامانجی سەرەکی کاروچالاکی رۆژانەی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییە نەک سزادان و زیان گەیاندن بە بازاڕیان.

هەروەک وتیشی: ژمارەیەکی زۆر کەم لە چێشتخانە، ریستۆران و کارگەکانی ئامادەکردنی شەربەت و شیرینی سەرپێچییان کردوە کەلەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە روبەڕوی داخستن و رێکاری یاسایی کراونەتەوە.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەت، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە پێناوی بەرژەوەندی و تەندروستی گشتی و بۆ ماوەنەوەی شاری سلێمانی لە ئاستی جێبەجێ کردنی رێنماییەکانی کارکردن، دواکارم لە خاوەن شوێنەکان زیاتر پابەندی مەرجەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەکانی دیکەی کاردن بن.