سلێمانی لەئاستی عێراقدا سەوزترین شارە

ئا: رێژەن سەردار

بەڕێوەبەری باخچەکانی شاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی وشکەساڵیو ئاونەدانی بلوارو باخچەکانی شاری سلێمانی، بەشێکیان لەبەردەم وشکبوون و تیاچوندان، ئەو دەڵێت ” زۆرترین باخچەو بلوار لەعێراقو کوردستان لەشاری سلێمانییە، لەستاندار دەرچوین و ڕێژەی سەوزایمان نزیکەی ٢٠%ە”.

کامەران حەمەساڵح، بەڕێوەبەری باخچەکانی شاری سلێمانی لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی و وشکەساڵی لەسەر رێژەی سەوزایی و ئەو مەترسییانەی روبەڕووی ژینگەی شارەکەو باخجەو پارکە دیارەکانی وەک پارکی ئازادی و هەواری شارو باخی گشتی دەبنەوە، بەرۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” راگەیاند “ھۆکارێکی سەرەکی وشکبوونی درەختەکانی پارکی ئازادی و ھەواری شارو شەکەتی درەختەکانی باخی گشتی وشکەساڵییە، ئەو وتی “دەریاچەکان لەچین و ئەلـانیاو فەرەنسا وشک دەبن، دەبێت لە سلێمانی چۆن بێ؟ ئێمە لەپارکی ئازادی دوو بیرو دوو کارێزمان ھەیە، لەبەرواری ٢٠٢٢⁄٨⁄١٥ەوە وشک بوون، ئاویان تیا نەماوە، ئەمە یەکێکە لەکێشەکان، ئێمە حەوت مانگ لەمەوبەر لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی قسەمان کرد وتیان پارەتان بۆ دابین دەکەین، بەڵام بەداخەوە نەکرا، ئێمە تەنکەرێکمان ھەیە لەئیبراھیم ئەحمەدەوە ئاو دەھێنێت بۆ پارکی ئازادی، لە ٢٠٢٢⁄٨⁄١٥ بەو تەنکەرە ئاوی درەختەکان دەدەین، زۆر سوپاسی کاک سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکەین کە پێشنیازێکی زۆر باشی کرد لەئەنجومەنی شارەوانی، بڕیار دراوە دوو ملیار دینار تەرخان بکرێت بۆ جوانکاری پارکی ئازادی، ئێمە بەو پارەیە یەکێک لەکارەکانمان ئەوەیە سەرچاوەی ئاو زیاد دەکەین، ئەگەر ئاو ھەبێت ژیان دەبێت”.

وتیشی “ئێمە پارەیەکمان بۆ تەرخان کرابوو بۆ گرتنی تەنکەر، ساڵی ڕابردوو بۆ مانگی شەش تا ھەشت ئەوەمان ھەبوو، بەڵام کە مانگی ھەشت تەواو بوو پارەمان لەبەردەست نەما بەپەلە دوو ئەندازیارمان نارد بۆ لای ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، بۆ دابین کردنی پارە، ئێمە ھەموو ساڵێک بۆ دابین کردنی ئاو پشت دەبەستین بەتەنکەر لەزۆربەی باخچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، لەبەرئەوەی لەم کاتەدا زۆربەی بیرەکان ئاوی تێدا نیە، پارکی ئازادی و ھەواری شار ھەمان کێشەیان ھەیە کە کەمئاوییە، بۆ نمونە ئێمە لەپارکی ئازادی لەماوەی مانگێکدا ١١٨ ملیۆن لیتر ئاومان دەوێت، بەداخەوە لەبەرواری ٢٠٢٢⁄٩⁄١ەوە تەنکەرە مەدەنییەکان ڕاگیراون، لەبەر ئەوەی پارەیان بۆ سەرف ناکرێت، وازیان لێ ھێناوە، چەند ڕۆژێکە بەتەنھا بەیەک تەنکەری حکومی ئاو دەدەین”.

بەڕێوەبەری باخچەکانی شاری سلێمانی پێیوایە باشترین چارەسەری ئەم گرفتە ئەوەیە بیری قوڵ لێبدرێت، ئەو وتی “لەچەمەکەی قلیاسان لە٢٠٢٢⁄٢⁄١دا پانزە ھەزار مەتری چوارگۆشە ئاومان ھەبوو، ڕۆشتۆتە خوارەوە بۆ جۆگەلەکانی تانجەرۆ، لە ٢٠٢٢⁄٣⁄١ بووە بە ١٠ ھەزار مەتری چوارگۆشەو بەفیڕۆ رٶشتوە بەرەوخوار، بەڵام سەیر دەکەیت لە ٢٠٢٢⁄٩⁄١ یەک مەتر ئاو لەو چەمەدا نیە! ئەگەر بتوانین ئاو گل بدەینەوە ئاوی ژێرزەوی دەبوژێتەوەو شوێنێکی گەشتیاری دەبێت، دەتوانین شەمعی بۆ دانێین بەتەنکەر ئاو بگەیەنینە ئەو شوێنانەی کە پێویستیانە، بەتایبەتی پارکو بلوارەکانی ناو شار”.

سەبارەت بەو داهاتەی کە لەکافتریاو یانەو گەراجەکانی پارکەکانی هەواری شارو ئازادی وەردەگیرێت، کامەران وتی “ئێمە سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانین، ئەوان پارەمان بۆ دابین دەکەن، من ١٤ ساڵە بەڕێوبەری باخچەکانم، تاکو ئێستا نازانم کرێی کۆشکەکانی پارکی ئازادی چەندە؟ چونکە شارەوانی وەریدەگرێت، یانەی شارو دیوان و ڕێوان و شاری یاری ھەمووی پارەکەی دەچێتە شارەوانی، لەوێشەوە دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی لەھەولێر، گەراجەکانی ناو پارکی ئازادی چوار دانەن، دوو دانە دراوە بەکرێ پارەکەی شارەوانی وەریدەگرێت، ڕێنمای دارایی ڕێگە نادات پارەکە ئێمە وەریبگرینو بۆ بوژانەوەو جوانترکردنی پارکەکە بەکاریبهێنینەوە”.

وتیشی “ئێمە وەکو بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی خاوەنی ٣ ملیۆن دارین لەناو شاری سلێمانیدا بەھەموو باخچەو بلوارەکان، ٥٣٣ باخچەو بلوارو پارکمان ھەیە، زۆرترین باخچەو بلوار لەعێراق و کوردستان لەشاری سلێمانییە، ساڵانە باخچە دروست دەکەین کە ھاوڵاتیانی گەڕەکەکان خۆیان خزمەتی دەکەن، خۆشمان ھاوکاری دەکەین، ئەو گەڕەکانەی باخچەیان بۆ دیاریکراوە، بەڵام تاکو ئێستا دروست نەکراوە، سورەیت قەیدی باخچە بھێنن ئێمە دیزانیان بۆ دەکەین خۆیان دروستی بکەن، لەسەر ئەو دیزاینە، بەبێ ئەوەی تەلبەنی بکەن و جۆلانێ و ئاگردانو سەوزەی تیابچێنن ئەمە دەبێت بەداگیرکردنی موڵکی گشتی، شارەوانی داوایان لێدەکات لایبەرن”.

بەڕێوەبەری باخچەکانی شاری سلێمانی بەپێی ئەزمونی خۆی هەمیشە بەگەشبیینییەوە لەئایندەی سەوزایی و باخچەو درەختەکانی ساری سلێمانی دەڕوانێت سەڕەرای هەموو کێشەو گرفتەکان، ئەو وتی “من لەساڵی ٢٠٠٨ کە بووم بە بەڕێوبەری باخچەکانی سلێمانی وشکەساڵی بوو، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان بەرەنگاری وشکە ساڵی ببینەوە، لەساڵی ٢٠١٤ وشکە ساڵی بوو، دیسان بەرەنگاری بوینەوە، ماوەی دوو ساڵیشە بەرەنگاری نیمچە وشکەساڵی دەبینەوە، هێشتا توانیومانە ئەمساڵ بیرەکان تاکو ١٥ی مانگی ھەشت بەکاربھێنین، لەھیچ پارێزگایەکی عێراقو کوردستان ئەمە نیە، چەنێک داریش وشک بێت ١٠ ئەوەندە درەخت دەچێنین، ئەمساڵ بارودۆخمان باشترە، هەرچەندە بەھۆی ئەو سەرمایەی ڕوویکردە سلێمانیو کوردستان ھەندێک دارمان وشک بوو، بەڵام لەبەرامبەردا ٦ ھەزار دارمان چاندوە لەبری ئەوە، پلانمان داناوە لەمانگی یانزەی ئەمساڵدا ٥ ھەزار داری دیکە بچێنین، سلێمانی سەوزترین شاری عێراقەو لە ستاندار دەرچوین ڕێژەی سەوزایمان لەسەدا ١٩.٤ە”.

وتیشی “حەوت ساڵە زۆرترین ڕێژەی بارنبارین لەپارێزگای سلێمانییە، زۆرترین ڕێژەی شێ لەوەرزی ھاویندا لەپارێزگای سلێمانییە، کەمترین پلەی گەرما لەسەر ئاستی عێراقو ھەرێم لەم وەرزی ھاوینەدا لەسلێمانی تۆمار کراوە”.