ساڵی رابردوو هەناردەی تورکیا بۆ عێراق زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بووە

شارەزایەکی ئابوریی عێراقیی ئاشکرایکردووە کە ساڵی رابردوو وڵاتی تورکیا بەبەهای زیاتر لە 10 ملیار دۆلار کاڵا و شمەکی هەناردەی عێراق کردووە، کە ئەو قەبارەیەش نزیکەی لەسەدا 34ی سەرجەمی هاوردەی عێراقی لەو ساڵەدا پێکهێناوە.

مەنار عوبێدی شارەزای ئابووری عێراقیی لە بابەتێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە رۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە رایگەیاندووە: قەبارەی هەناردەی تورکیا لەساڵی 2021 بۆ عێراق گەیشتۆتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری ئەمەریکی، روونیشی کردۆتەوە کە هەناردەی تورکیا لەسەدا 34ی سەرجەم هاوردەی عێراقی پێکهێناوە.

بەوتەی عوبێدی خشڵ و بابەتی رازاندنەوە بەبەهای 1.4 ملیار دۆلار لە تورکیا هاوردەکراوە، هەروەک ئارد بەبەهای 480 ملیۆن دۆلار، بەروبوومی پەلەوەریی بەبەهای 372 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، پسکویت و کێک بەبەهای 216 ملیۆن دۆلار هاوردە کراوە.

ئەو شارەزا ئابوورییە باسی لەوەکردووە کە جگە لە زێر و مۆبیلیات و ئەلەمنیۆن، سەرجەم کەلەپەلەکانی تر کە لە تورکیا هاوردەکراون کەلەپەلی بەکاربەرین بۆماوەی مانگێک دەمێننەوە، واتە ئەو ماددانە لەدوای فرۆشتنیان هیچ بەهایەکیان نامێنێت.

روونیشی کردۆتەوە کە سەرجەم ئەو ماددانەی لەتورکیاوە هاوردە دەکرێن دەتوانرێت لەناوخۆی عێراقدا بەرهەم بهێنرێن، وەک ئارد و بەروبومی پەلەوەریی و جۆرەکانی کێک و دایبی منداڵان.