زێڕ هەرزان بوو

نرخی زێڕ لە بۆرسەی دنیا دابەزی و كاریگەریی لەسەر نرخەكەی لەسەر هەرێمی كوردستانیش كرد، خاوەنی دوكانێكی زێڕنگریش دەڵێت، پێشبینی دابەزینی مسقاڵێك زێڕ بۆ خوار 400 هەزار دینار دەكرێ‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی حوزەیران، شادی عەلی خاوەنی زێڕنگری خانم، راگەیاند، هەرچەندە ئەمڕۆ بازاڕەكانی كوردستان بەهۆی جەژن داخراون، بەڵام نرخی زێڕ رووی لە دابەزین كردووە و كاریگەری تەواوی لەسەر نرخی زێڕ لە هەرێمی كوردستان هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینیش دەكرێ‌ نرخەكەی هێشتا دابەزێت، ئێستە ئۆنسێك بە هەزار و 900 دۆلارە، بەڵام پێشبینییەكان بۆ ئەوەیە ئۆنسێك زێڕ دابەزێت بۆ هەزار و 860 دۆلار.

بە وتەی شادی، ئێستە مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە خوار 400 هەزار مامەڵەی پێوە دەكرێ‌، ئەگەر دابەزینەكە بەردەوام بێت كە ئەوا نرخی مسقاڵێك زێڕ دادەبەزێت بۆ خوار 400 هەزار دینار.

دوێنێ‌ مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە 410 هەزار دینار بوو، ئەمڕۆ بەردەوام نرخەكەی روو لە نزمبوونەوە كردووە، ئەو هەرزانبوونەش بۆ هاووڵاتییان جێی دڵخۆشییە.