زیانلێكه‌وتوانى ده‌ستى به‌عس قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌

دەستەی داواكانی موڵكداریی عێراق (هیئە دعاوی الملكیە) لەهەرێمی كوردستان بڕی سێ ملیار دینار بەسەر ئەوكەسانەدا دابەشدەكات كە زیانلێكه‌وتوی دەستی ڕژێمی بەعسن، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌سته‌كه‌ش ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات.
 
تارا ئەنوەر قەرەداغی بەڕێوەبەری گشتی لەدەستەی داواكانی موڵكداریی ئاشكرایكرد، “لەئەنجامی هەوڵەكانی دەستەی داواكانی موڵكداری بەسەرۆكایەتی  سەرۆكی دەستە دادوەر عەلا جەواد ساعدی بەخۆشحاڵییەوە جارێكی دیكە بڕێك پارە بەسەر زەرەرمەندانی  دەستی ڕژێمی بەعس دابەشدەكرێت”.

به‌وته‌ى تارا قه‌ره‌داغى، “ئەو پارەیە ئەوكەسانە دەگرێتەوە كە داواكارییان پێشكەشی دەستەكەمان كردوە”.
  
ئه‌وه‌شى وت:”دوای ئەوەی ئەو داواكارییانەی پێشكەشكراون لەلیژنەی دادوەری دەستەكەمان پلەی كۆتایی وەرگرتوە، بڕیاری دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە دراوە”. 
 
ده‌شڵێت:”هاوڵاتیانی خوشەویست ئاگاداردەكەینەوە پێشتریش پرۆسەی خەرجكردنی بڕە پارە بۆ زیانلیكەوتوان هەبوەو بەردەوامیشدەبێت، لەپرۆسەی ئەمجارەدا، 500 كەس سودمەند دەبن، بڕی پارەكەش 3 ملیار دینارە”.