زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار ژن لە کەرتی گشتی و تایبەت لە ھەرێم کار دەکەن

زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار ژن لە کەرتی گشتی و تایبەت لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و ساڵی رابردوو نزیکەی ١٦ ھەزار سکاڵا لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تۆمارکراوە.

عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگەیاندووە، بەپێی یاسای ماف و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ژنان ھەمان مافی پیاوانیان ھەیە لە کارکردندا، جگە لەو مافانەی کە تایبەتە بە لەدایکبوون و مۆڵەتی دایکایەتی، ھەروەھا ژنان لە ھەرێمی کوردستان بەشدارن لە ھێزی کار و تائێستا ٢٢ ھەزار ژن دەستەبەرکراون، لەو ژمارەیەش دوو ھەزاریان بیانیین و ٢٠ ھەزاریشیان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانن.

ھاوکات بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێم، ١٨٩ ھەزار و ٣١٥ ژن لە کەرتی گشتی کار دەکەن، کە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانین و ژمارەیان ٩١ ھەزار و ٩٩٦ ژنە.

بەپێی ئاماری ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، ساڵی رابردوو ١٥ ھەزار و ٨٩٧ دۆسیەی سکاڵا لەلایەن ھەردوو رەگەزەوە تۆمارکراوە.