زانیاریی نوێ لەبارەی دابینكردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بۆ مامۆستایانی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كرێت

جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا مانگانە مووچە لە كاتی خۆیدا دەدرێت هەر بۆیە هەنگاوەكانمان بۆ دابینكردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بۆ مامۆستایان دەستپێدەكەین.

عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان  ڕاگەیاند، دابینكردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست داواكاری بەشێك لە مامۆستایان بووە و ئێستا دۆخی مووچە بە بەراورد بە پێشتر تاڕادەیەك باشترە و مانگانە مووچە لە كاتی خۆیدا دەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوەكانمان بۆ دابینكردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بۆ مامۆستایان دەستپێدەكەین و گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری ئۆتۆمبێل هاوشێوەی پێشتردەكەین كە بتوانرێت مامۆستایان سوودمەندببن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ” ئێستا كاری لە پێشینەمان زامنكردن و گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە و پلە بەرزكردنەوە و دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و زەوییە بۆ مامۆستایان و دواتر هەنگاوەكانمان بۆ دابینكردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست لە بەرژەوەندیی مامۆستایان دەستپێدەكەین و لەهەمانكاتدا دەبێت لە دۆخی دارایی و پێدانی مووچە زیاتر دڵنیاببینەوە تا بتوانین ئەو هەنگاوە بنێین”.