راوێژكارێكی سودانی: بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار زیاتر بەرزدەبێتەوە

فادی شەمەری راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، ڕێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی بەهای دۆلاری بەرامبەر بە دیناری عێراق بە ڕێژەی 60 خاڵ كەمكردوەتەوە، پێشبینیشدەكرێت بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار زیاتر بەرزببێتەوە.

ئاوێنه‌: فادی شەمەری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، ئەو ڕێوشوێنە خێرایانەی كە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئاراستەكرابون، بەشدارییان كرد لە هاوسەنگكردنی قۆناغ بەقۆناغی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار.

وتیشی، “دوای زنجیرەیەك ڕێوشوێنی ورد و كاریگەر لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەڕێژەی 60 خاڵ دابەزی”.

ئاماژەی بەوەشكردوە، “حكومەتی عێراق بە دوای كۆنتڕۆڵكردنی ڕیتمی بازاڕی دارایی و هاندانی بازرگانان دەگەڕێت بۆئەوەی مامەڵەی دارایی شەرعی بكەن و ڕێكارە ئیدارییەكان ئاسان بكەن”.

دەشڵێت، “پێشبینیدەكەین بڕیارەكانی كەمكردنەوەی باج بەشداربن لە زیادكردنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار لەماوەی داهاتودا”.

ئەوەشی ئاشكراكردوە، “ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆ گواستنەوەی 116 كۆمپانیای ئاڵوگۆڕ كە هەفتانە پشكی دۆلارەكانیان لە بانكە سزادراوەكانەوە وەردەگرت بۆ بانكەكانی دیكە و سوككردنی باجی سەپێنراو، هەروەها دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی یاری بە بەنرخی دراوەكان دەكەن لەلایەن بانكی ناوەندیەوە، بەشدارییەكی كاریگەریان كرد لە سەقامگیری بەهای دینار”.