دەنگی ئەمریکا: عێراق بە پلان جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێم سنووردار کردووە

بازرگانە کوردەکان پێیان وایه‌ حکومەتی عێراق جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم سنووردارکردووە و گواستوویەتییەوە بۆ دەروازەکانی تری عێراق.

ئاوێنە: حاجی بەختیار، کە بازرگانێکی کوردە و لە نێوان عێراق و ئێراندا کاری بازرگانی دەکات، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: “عێراق پێناسەی گومرگی جێبەجێ ناکات، بەڵام پێناسەی گومرگی لە دەروازەکانی هەرێم 100% جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وایکردووە بازرگانەکان دەروازەکانی هەرێم جێبهێڵن و روو لە دەروازەکانی عێراق بکەن”.

پێناسەی گومرگی بەو لیستە دەوترێت کە حکومەتی عێراق ئاڕاستەی دەروازەکانی کردوە تا کاری پێبکرێت، ناوی ئەو کاڵاو شمەکانەو بڕی گومرگەکانیان تیادا تۆمار کراوە.

حاجی بەختیاری بازرگان دەڵێت: “حکومەتی عێراق هەندێک کەرەسەی لە گومرگ بەخشیووە، بۆ نموونە کارگەیەک پێویستی بە 100 ته‌ن چیمەنتۆیە و هه‌زار ته‌ن بە بێ گومرگ دەهێنێت، 900 ته‌نەکەی تری دەفرۆشێت، کەچی ئەمە لە هەرێم نییە”.

جگە لە دەروازە لاوەکییەکان، سێ دەروازەی نێودەوڵەتی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەن، بریتین لە دەروازەکانی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران. داهاتی مانگی رابردووی دەروازەی پەروێزخان 26 ملیار دیناری عێراقی بووە.

سەرچاوەیەک لە دەروازەی پەروێزخان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمریکای راگه‌یاند: “گەر هاوکاری بازرگانەکان بکرێت هاوشێوەی دەروازەکانی عێراق، داهاتی دەروازەکە لە مانگێکدا بەرز دەبێتەوە بۆ 35 ملیار دینار، بەڵام کارئاسانی بۆ بازرگانەکان ناکرێت”.

لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانەوە، مادەی شیرەمەنی، کەرەستەی بیناسازی و سەوزە و میوە هاوردە دەکرێن، ئەمە جگە لەو کاڵاو شمەکانەی لە وڵاتانی ترەوە هاوردە دەکرێن و بەناو خاکی ئێران دا دەهێنرێنە عێراق و هەرێم.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: “ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و هەرێم بەردەوامە، بەتایبەت لە باری سەوزە و شیرەمەنی و کەرەستەی بیناسازی، بەڵام ئەو بارانەی بە شێوەی ترانزێت دەهێنرانە ئێران و لەوێوە هاوردەی هەرێم دەکران 90% کەمیانکردووە”.

پێشتر چەندین جۆر باری خواردەمەنی و کاڵاو شمەک لە وڵاتی چین و وڵاتانی ترەوە دەهێنرانە بەندەر عەباسی ئێران و لەوێوە هاوردەی هەرێم دەکران، بەڵام لە ئێستادا ئەو بارانە ناهێنرێنە هەرێم و راستەوخۆ لە بەندەری ئوم قەسرەوە هاوردەی عێراق دەکرێن.

سیروان محەمەد دەڵێت: “بەهای دۆلار کە بانکی ناوەندی پاڵپشتی ئەو بازرگانانە ناکات و دۆلاریان بەنرخی هەرزان پێنادات کە لە ئێرانەوە کاڵاو شمەک دەهێنن، ئەمەش هۆکاریکی تری کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانییە”.

ژمارەیەکی زۆر لەو بازرگانە کوردانەی پێشتر لە دەروازەکانی هەرێم کاری بازرگانییان دەکرد، لە ئێستادا روویان لە دەروازەکانی تری عێراق کردووە بۆ بازرگانیکردن، بەو پێیەی لەو دەروازانەوە زیاتر کارئاسانییان بۆ دەکرێت، ئەمەش زیانی بە جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێم گەیاندووە.