دوو مەرج بۆ ئەو هاووڵاتیانەی هەرێم دانرا کە سەردانی ئێران دەکەن

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوو مەرج ڕێگە بە هاووڵاتیانی هەرێم دەدات سەردانی وڵاتەکە بکەن، ئەویش جگە لە ڤیزا، بوونی کارتی ڤاکسین و ئەنجامی پشکنینی نەرێنی ڤایرۆسی کۆرۆنایە پێکەوە

لە ئاگادارییەکدا دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ڕایگەیاند، “هاووڵاتیان و گەشتیارانی بەڕێز ئاگاداردەکەینەوە بەپێی بڕیارێکی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە ئێمە ڕاگەیاندراوە لە ڕۆژی پێنجشەمەوە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١٢/٩ مەرجی ڕێگەدان بە هەر گەشتیارێک و سەردانیکەرێکی عێراقی و هەرێمی کوردستان بۆ ئێران لەگەڵ بوونی ڤیزا هاوکات پێویستە کارتی ڤاکسین و ئەنجامی پشکنینی نەرێنی ڤایرۆسی کۆرۆنای پێکەوە پێبێت و ئەنجامی پشکنینی کۆرۆناکەش لە (٤٨) کاتژمێر تێنەپەڕیبێت.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆیە هاووڵاتیان ئاگاداردەکەینەوە کە لەو ڕێکەوتە و ڕۆژانی دواتریش بەبێ کارتی ڤاکسین و ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنا سەردانی دەروازەی باشماخ نەکەن بەمەبەستی گەشتکردن بۆ ئێران، بەپێچەوانەوە تەنها بەکارتی ڤاکسین یاخود تەنها پشکنینی کۆرۆنا لەلایەن ئێرانەوە ڕێکاری داخڵ بوونتان بۆ ناگیرێتەبەر و دەگەڕێنرێنەوە.”