دوای کۆبوونەوەکەی قوباد تاڵەبانی زیاتر لە 20 پڕۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێدەکرێت

لە مانگی رابردوودا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە و لە دوای کۆبوونەوەکە بڕیاردرا لەبارەی راییکردنی کارەکانی زیاتر لە 20 پڕۆژە لە سنوورەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کۆی ئەو پڕۆژانە کرا کە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی ئیدارەی راپەڕین کرابوون و لە ئەنجامدا بڕیاردرا لە زووترین کاتدا کاروباری زیاتر لە 20 پڕۆژە تەواو بکرێن و ئامادەکاری بکرێت بۆ کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بڕیارەکەدا ئەولەوییەت درا بەو پڕۆژانەی زۆرترین هەلی کار دەڕخسێنن و جوڵەی ئابوری و بازرگانی زیاتر لە دەڤەرەکەدا دروستدەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا رۆژی 20 حوزەیران قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی گەرمیانیش کۆبووەوە و بە هەمان شێوەی ئیدارەی راپەڕین لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ راییکردنی کاروباری کۆمەڵێک پڕۆژەی وەبەرهێنان، چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا لە ئیدارەی گەرمیانیش کاروباری کۆمەڵێک پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواو بکرێن و بکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەم کۆبوونەوانە دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کۆبووەوە و لە ئەنجامدا 39 پڕۆژەی وەبەرهێنان کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە و زیاتر لە 15 پڕۆژەی دیکەش کاروبارەکانی تەواوبووە و لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێن.