دراوی نێودەوڵەتی: داهاتی گشتیی عێراق لەمساڵدا 73% زیاد دەکات

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پیشبینییەکانی بۆ گەشەی داهاتی وڵاتان بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان داهاتە گشتییەکانی عێراق لەمساڵدا دەگاتە 149 ملیار دۆلار، ئەوەش بەڕێژەی 73% گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینیی بەرزبوونەوەی زۆری داهات لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت دەکات، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، پێشبینیش دەکات داهاتە گشتییەکانی عێراق لە ساڵی 2022دا بگاتە نزیکەی 149 ملیار دۆلار کە ئەوەش ڕێژەی گۆڕانکاریی ساڵانەی بەراورد بە ساڵی 2021 دەگاتە 73%.

پێشبینییەکان بۆ وڵاتی سعودییە دەریدەخات داهاتی دەگاتە 327 ملیار دۆلار و ڕێژەی گۆڕانکاریی ساڵانەی دەگاتە 28%، هەروەها کوەیت داهاتی دەگاتە 102 ملیار دۆلار و گۆڕانکاریی ساڵانەی ڕێژەی 46% دەبێت.

لەمساڵدا بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێکارەکانی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر وزە، هەروەها بەهۆی شەڕی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا کە ڕوسیا یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی هەناردەکردنی نەوت لە جیهاندا نرخی بەرمیلێک نەوت لەسەروو 100 دۆلارەوە ماوەتەوە.