داهاتی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە نزیکەی یەک ملیار دینار بووە

لەوبارەیەوە ئەرسەلان عابد سەرۆکی کۆمەڵەی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە فێستیڤاڵەکەیان ڕێکخستووە  ڕاگەیاند، لە هەشتەم فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەدا کە سێ ڕۆژ بەردەوام بوو 750 جوتیار و کەسی خاوەن پیشە و دەستڕەنگین بەشدارییان کردووە و بەرهەمەکانیان خستووەتەڕوو.

ئاماژەی بەوەکرد، بەرهەمەکان جۆری جیاواز و نرخی جیاوازیان هەبووە، هەنار سیمای سەرەکیی فێستیڤاڵەکە بوو، بەڵام کاری دەست و بەرهەمە خۆماڵییەکان و خۆراکە کوردەوارییەکانیش تێیدا خراونەتەڕوو.

ئەرسەلان عابد وتی، لە ماوەی سێ ڕۆژدا 250 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە، کە سەردانکەری سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشی تێدابووە.

هەروەها بەپێی ئاماری بەردەست سەرپەرشتیاران، نزیکەی یەک ملیار دینار بە ڕێکی 950 ملیۆن دینار داهاتی فرۆشتنی بەرهەمەکانی فێستیڤاڵەکە بووە، سەرجەم ئەو داهاتەش بۆ بەشداربووەکانە.

ئەو سەرپەرشتیارەی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە وتی، ئەو ئامارانەی ئەمساڵ تۆمارمان کردوون زۆر دڵخۆشکەر و ئاماری نوێیە بۆ ئێمە لە ژمارەی سەردانیکەر و داهاتی فێستیڤاڵەکە.

لەبارەی بەشداربووەکانەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، زیاتر لە نیوەی بەشداربووانی فێستیڤاڵی هەناری ئەمساڵ کە بە ڕێژە %65ی بەبەشداربووەکان لە ڕەگەزی مێ بوون، کە ئەوە هەلێکی باشە بۆیان تاوەکو کارەکانی خۆیان بخەنەڕوو و هەلی فرۆشتنیان هەبێت کە لە بازاڕدا ئەو هەلە بۆیان کەمترە.

باسی لەوەکرد، لە فێستیڤاڵەکەدا هیچ ڕووداوێکی هاتوچۆ یان ڕووداوی دیکەی نەخوازراو ڕوویان نەداوە.