تێسلا ٤٠٠ هه‌زار ئۆتۆمبێل فرۆشراوی له‌ چین كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌یان تێدایه‌

كۆمپانیای تێسلا بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێل، ٤٣٥ هه‌زار و ١٣٢ ئۆتۆمبیلی كاره‌بایی له‌ مۆدێله‌كانی 3 و Y گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ بۆ چین نێردرابوون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كی پرۆگرامسازییه‌وه‌ كه‌ ده‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی گڵۆپی دواوه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌ له‌ كاتی وه‌ستان، هه‌ڵنه‌بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی رێكخستنی بازاڕی چینه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ پرۆگرامسازیی كۆمپانیای به‌رهه‌مهێندا، گڵۆپی دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار داده‌گیرسێنرێت، به‌ كوژاوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش مه‌ترسی پێكدادان له‌ كاتی تاریكییدا ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌.

باس له‌وه‌ش كراوه‌، كۆمپانیای تێسلا ١٤٢ هه‌زار و ٢٧٧ ئۆتۆمبێلی مۆدێل 3 كه‌ له‌ نێوان ٢٧ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٠ تا ٧ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ به‌رهه‌مهێنراون و ٢٩٢ هه‌زار و ٨٥٥ ئۆتۆمبێلی مۆدێل Y كه‌ له‌نێوان ١ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢١ تا ١١ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ به‌رهه‌مهێنراون، له‌پێناو چاككردنی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.