“بە حكومەتێك رازی نابین نرخی دۆلار وەك پێشوو لێنەكاتەوە”

ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، بە حكومەتێك رازی نابن كە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی وەك پێشتر لێنەكاتەوە.

لەمبارەیەوە ئەحمەد موسەوی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی هاوپەیمانی فەتح لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە: بەیانی حكومەتەكەمان باش، نرخی نەوت 97 دۆلارە و كەی ویژدانی سیاسیەكان دەجوڵێت و نرخی دۆلار دەگەڕێننەوە پێشوو، گرانی خەڵك سەردەبڕێت.

ئەوەشی خستۆتەروو: گەل داواتان لێدەكات زیادەی نرخی نەوت بزانن، بە حكومەتێك رازی نابین ئەگەری نرخی دۆلار نەگەڕێنێتەوە نرخی پێشتری و خەڵك و رزق و رۆزیان لەبەرچاو نەگیرێت.

شایەنی باسە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەكی بەرچاو لەسەرەتای دەركەوتنی پەتای كۆرۆنادا، حكومەتی عیراق نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لە 120 هەزارەوە گەیاندە نزیكەی 150 هەزار، بەڵام سەرەڕای ئەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت لە 100 دۆلار نزیك بووەتەوە تاوەكو ئێستا نرخی دۆلار وەك خۆی ماوەتەوە.