بەڵێندەران بڕیاردەدەن لەڕێگەی یاساوە مافەکانیان وەربگرنەوە

ئا: زریان محەمەد

بەڵێندەران لەدوای بێ هیوابونیان لەبەڵێنەکانی حکومەت بڕیار دەدەن چیتر چاوەروانی بەڵێنی دیکە نەکەن و ڕێگەی یاسی بەرامبەر بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێم بگرنەبەرو مافی بەڵێندەران بەیاسا بگەڕێننەوە.

میران کامل، وتەبێژی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران بەڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” ڕاگەیاند “بەلێندەران لەسەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی دارایەوە بێبەشبون لەتەواوی ئەو شایستە دارایانەی لەلای حکومەت بووە کە نەیتوانیوە وەک پێویست پارەیان بۆ خەرجبکات‌و بەردەوامی بدەن بەکارەکانیان کە ئەمەش زیانی بەکاری بەڵێندەران و پرۆژەکان گەیاند ڕاوەستانی پرۆژەکان بۆ چەند ساڵێک وایکرد ئەو پرۆژانەی لە سەدا ٥٠ کارەکانی تەواو بووە ئێستا دووبارە لەسەرەتاوە دەست پێبکرێتەوە، ئەوەش خەرجیەکی دیکەلەسەر شانی حکومەت”.

راشیگەیاند “لقی سلێمانی بەڵێندەران گەشتوینەتە ئەم بڕیارە بەهۆی زۆری فشاری کۆمپانیاکان کە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو زیان و وێران بوون دەچن بەڵێندەران متمانەیان بەبڕیارو فەرمانەکان نەماوە لەبەرئەوەی لەساڵی ٢٠٢٠ەوە ئەو پڕۆژانەی سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا پارەیان بۆ خەرجبکرێت لەدوای چەند مانگێک بڕیارەکە وەستا زۆرێک لەپرۆژەکان پارەکانیان بلۆککراوە لەخەزێنەی سلێمانی کە ئەمە وای لەکۆمپانیاکان کردووە باوەڕیان بەداهاتوو نەمێنێت و نەزانێت چ هەنگاوێک بنێت لەداهاتودا”.

ئاماژەی بەوەشدا “بەڵێندەران بەردەوام داوایان لەحکومەتی هەرێم کردووە ئەو کەرتە پشتگوێ نەخات فشارمان کردووە بەخۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی دەبڕین‌و بەیاننامەی ناڕەزایەتی‌و لەدەرگادانی هەموو بەرپرسان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەڵیندەران، بەڵام بەداخەوە هیچ کاتێک وەک پێویست وەڵاممان وەرنەگرتووە تەنها گوێ لەداواکاریەکانمان گیراوە و بەڵینمان پێدراوە بەڵێنەکانیش جێ بەجی نەکراون ئەمەش بۆتە هۆی مایەپوجبونی بەلێندەران‌و راوەستانی پڕۆژەکان‌و قەرزاربونی بەڵیندەر لەسەر کاری پرۆژەکان لەئێستاشدا گەر حکومەت هەر بەردەوامبێت لەهاوکاری نەکردنی بەڵێندەران و دەستپێ نەکردنەوەی کاری پرۆژەکان ئەوا هیج هیوایەک نامێنێتەوە کەبتواندرێت چاوەڕێی بەڵینی دیکە لەحکومەت بکەین”

وتەبیژەکەی بەڵێندەران جەخت دەکاتەوە” داوا لەهەموو بەڵێندەران دەکەین یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان ستافێکی یاسای ئامادەکردووە بۆ هەر کۆمپانیایەک کە بیەوێت داوای یاسای تۆمار بکات سەردانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان بکات”.

میران کامیل، ئەوەش ڕوندەکاتەوە “ئێمە بڕیارمانداوە هەموو هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لەڕێگەی یاساوە ڕێڕەوێک بدۆزینەوە حکومەت ناچاربکرێت مافەکانی بەڵێندەران بداتەوە، چیتر بەڵێندەر توشی داڕوخان نەبێت و پرۆژەکان پەکیان نەکەوێت”.

لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی خەرج نەکردنی شایستە دارایەکانی بەڵێندەران لەسەدا ٨٥ کۆمپانیاکان مایەپووچ بوون.