”بەهیچ شێوەیەك بەهای 100 دۆلار ناكرێتە 160 هەزار دینار”

ندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەك بەهای 100 دۆلار ناكرێتە 160 هەزار دینار و ئەوەی بڵاوكراوەتەوە دوورە لە راستییەوە و دەشڵێت، “لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراقدا بەدواداچوونمان كردووە و هیچ پلانێكیان نییە بەهای دۆلار بەرزبكەنەوە”.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  راگەیاند، “ئەوەی كە باسدەكرێت گوایە بەهای 100 دۆلار لە 160 هەزار دینار جێگیردەكرێت تەنها دەنگۆیە و لە بازاڕی ڕەشدا ئەو قسەيە دەكرێت، ئەگەر نا بەهای دۆلار لە بانكی ناوەندیی عێراق بە هەمان نرخی پێشتری دەخرێتە بازاڕەوە و بانكی ناوەندی هیچ پلانێكی نییە بەهای دۆلار بەرزبكاتەوە بە تایبەت كە ئێستا یەدەگی دراوی نەختینەی عێراق و یەدەگی زێڕی عێراق زیادیانكردووە”.

راشیگەیاند، پێشتر و كاتێك بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزكرایەوە بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی داهات بوو كە ئەو كاتە حكومەت ئەو هەنگاوەی جێبەجێكرد و ئێستا دۆخی دارایی عێراق زۆرباشە بیر لە هەنگاوی لەو شێوەیە ناكرێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، چاوەڕواندەكرێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار داببەزێندرێت و ئەو هەنگاوانەشی گیراونەتەبەر بۆ بەرگرتنە لە سپیكردنەوەی پارە و بردنەوەی دەرەوەی دۆلارە بۆ چەند وڵاتێكی دیكە.