بەهای یەک دۆلار لە ئێران بۆ زیاتر لە 43 هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە

جارێکی دیکە بەهای دۆلار لە ئێران بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەرپسێکیش ئاشکرای دەکات بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خۆراک فرۆشی رێستۆرانت و خواردنگەکانی وڵاتەکە کەمی کردوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 42 هەزار و 123 تمەن و بەهای هەر پاوەن-ی بەریتانی بۆ 51 هەزار و 845 تمەن بەرز بوەوە.

لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و زیاتر لە 104 رۆژە تمەن بە بەردەوامی دابەزین بەخۆیەوە دەبینی و پێشبینی دەکرێت بەهای دۆلار تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی بەرامبەر تمەن تۆمار بکات و هەر بەهای هەر دۆلارێک بگاتە زیاتر لە 50 هەزار تمەن.

لە لایەکی دیکەوە هەر بەهۆی هەڵاوسانەوە ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی برنج و رۆن و مریشک، فرۆشی خواردنگەکانی ئێران بەشێویەکی بەرچاو کەمی کردوە.

سەرۆکی سەندیکای خاون خواردنگەکان لە ئێران ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی پێدوایستییەکانی خۆراک کاریگەریی زۆری لەسەر کەمبونەوەی فرۆشی خورادنگەکانی وڵاتەکە هەبوە.

بە وتەی سەرۆکی ئەو سەندیکایە، رێژەی فرۆشی خواردنگەکان 20 بۆ 30٪ کەمی کردوە کە لە سەردەمی بڵاوبونەوەی کۆرۆناش کەمترە.

لە سێ مانگی رابردودا زۆربەی پێداویستییە خۆراکییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەتەوە و بە جۆرێک رۆن بە رێژەی زیاتر لە دو هێندە بەربونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی برنج و مریشک و پەتاتەش بە رێژە 150٪ بەرزوبونەتەوە.

پێشبینیی دەکرێت دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبونەوەی بەهای دراوی دۆلار بەردەوام بێت و فشارە نێودەوڵەتییەکانیش ببێتە هۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی و کەمبونەوەی توانای کڕینی دانیشتوانی ئێران.