بەشێک لە وڵاتان دەستبەرداری دۆلار دەبن

ژمارەیەک لە وڵاتانی ئاسیاش بە ئامانجی وازهێنان لە دۆلار لە مامەڵەی نێوانیان رێککەوتنێکیان ڕاگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە بریکسیش بەدوای دروستکردنی دراوێکی هاوبەشدا دەگەڕێن.

محەممەد موخبەر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، لە میانی کۆبوونەوەی سەرۆکی بانکە ئاسیاییەکان کە ٩ وڵات لەخۆدەگرێت، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ – ٥ – ٢٠٢٣، وتی؛ “کارکردن بۆ دەستبەرداربوون لە دۆلار لە مامەڵەکانی نێوان وڵاتانی بەشدار لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامە”.

لەو چوارچێوەیەدا، دەسەڵاتدارانی ئەندەنوسیا ڕایانگەیاندووە، وڵاتانی ئاسیان پلانیان هەیە بە دراوی ناوخۆیی خۆیان بازرگانی لەگەڵ یەکتر بکەن.

هەر پەیوەست بە مامالەکردن بە دراوی ناوخۆیی لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکان میخائیل میشوستین، سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، لە ئێستاوە ٪٧٠ی یەکلاییکردنەوەی دارایی نێوان ڕووسیا و چین بە دراوی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت.

پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕان بەرەو دراوە ناوخۆییەکان لە یەکلاکردنەوەی دارایی نێوان وڵاتان لەبری دۆلاری ئەمریکی بووەتە ڕێگایەکی گونجاو.

لە لایەکی دیکە وڵاتانی بریکس (بەڕازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا) لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دروستکردنی دراوێکی هاوبەش دەکەن بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار.

بەدیاریکراوی دوای هیرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین و سەپاندنی سزا یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمان بە سەر مۆسکۆدا، دۆلاری ئەمریکی وەک دراوێکی یەدەگی نێودەوڵەتی کە لە بازرگانی جیهانیدا بەکاردەهێنرێت، لە پاشەکشەدایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە باڵادەستی دۆلار لە ئابووری جیهانیدا بە توندی دەستی بە دابەزین کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی ڕووسیا بڕیاریدا هەموو مامەڵە داراییەکانی لەگەڵ وڵاتانی نا دۆست، بە ڕۆبڵ ئەنجام بدات.