بۆچی نرخی دۆلار بە بەرزی ماوەتەوە؟

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گرتنە بەری رێکارەکانی بانکی ناوەندی لە نەفرۆشتنی دۆلار بە بەشێک لە بانکە ئەهلییەکان و داخستنی بەشێک لە دەروازەکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا و بەمەش نرخی دۆلار بە بەرزی ماوەتەوە. دەشڵێت، “لە هەفتەی داهاتووەوە نرخی یەک دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ١٤٨٠ بۆ ١٤٧٠دینار و جێگیردەبێتەوە”.

ئەمڕۆ هەینی، مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، بەهۆی گرتنە بەری چەند رێوشوێنێک لە لایەن بانکی ناوەندییەوە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بە بەرزی بمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بانکی ناوەندی بەشێک لە دەروازەکانی فرۆشتنی دۆلاری داخستووە و دۆلاریشی بە ژمارەیەک بانکی ئەهلی نافرۆشێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بڕی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا کەمبێتەوە و بەمەش نرخی دۆلار بەبەرزی ماوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەم هەفتەوە بڕی زیادەی فرۆشی دۆلار بە بانکەکان زیاد دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ بانکی ناوەندی لە پەیوەندی بەردەوامدابوون.

وتیشی، پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایی پێداون لە هەفتەی داهاتووەوە نرخی دۆلار دەچێتەوە نرخی پێشووی و هەردۆلارێک بە ١٤٨٠ بۆ ١٤٧٠ دینار دەبێت و نرخەکەی جێگیر دەبێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، شارەزایانی باری ئابوری و دارایی ئاماژەیان بەوەدابوو، بەهۆی ئەوەی بانکی ناوەندی عێراق فرۆشتنی دۆلاری بە ١٤ بانکی ئەهلی راگرتبوو کە رێگەی نەدەدان بچنە ناو کێبڕکێی زیادکردنی ئاشکرای فرۆشتنی دۆلارەوە ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.