باڵوێزخانەی تورکیا روونکردنەوە لەبارەی ڤیزای وڵاتەکەی دەدات

باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغدای پایتەختی عێراق روونکردنەوە لەبارەی ڤیزای وڵاتەکەی دەدات.

ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021، باڵوێزخانەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: ئەوان بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراق تەنیا کار لەگەڵ یەک کۆمپانیا دەکەن، کە بریتییە لە کۆمپانیای (Gateway Management and Logistics Inc).

باڵوێزخانەی تورکیا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاگادار دەکاتەوە، کە دەتوانن لەڕێی نووسینگەکانی ئەو کۆمپانیایە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، کەرکووک، مووسڵ، بەغدا و بەسرە داوای ڤیزای تورکیا بکەن.

باڵوێزخانەکە هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق و داوایان لێدەکات جگە لەو کۆمپانیایەی ناوی هاتووە، مامەڵە لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نەکەن، ئەوانە ”فێڵ لە هاووڵاتیان دەکەن“.