باڵوێزی پاکستان سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکات

بەمەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندی ئابوورییەکان، باڵوێزی پاکستان لە بەغداد سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

لە کۆبونەوەیەکدا کە سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بورھان عەلی و بەختیار مەلا ئەمین، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوور ئامادەبوون، ئەحمەد ئەمجەد عەلی، باڵوێزی پاکستان لە بەغداد ڕایگەیاند “دەمانەوێت پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکان لەگەڵ پارێزگای سلێمانی زیاد بکەین، بانگێشتی بازرگانان و پیشەسازانی سلێمانی دەکەین، کە لە ڕێگەی شاندیی بازرگانیەوە بە سەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی وڵاتی پاکستان بکەن، ھەموو کار ئاسانیەک بۆ بازرگانانی سلێمانی دەکەین، ھیوادارین ژووری بازرگانی ئاگاداری بازرگانان و پیشەسازان بکاتەوە لە ھەبوونی پێشەنگاکانی وڵاتی پاکستان”.

لای خۆشیەوە سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانکردنی باڵوێزی پاکستان و ئاماژەی بەوەدا، سلێمانی لەڕووی پیشەسازیەوە گرنگی زۆری ھەیە چەندین کارگەی گەورە و بچوک لە سلێمانیدا کاردەکەن، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش خاوەن پێشانگایەکی نێودەوڵەتی گەورەیە داواکارین لە بەڕێزتان کۆمپانیاکانی پاکستان ئاگادار بکەنەوە لە بەڕێوەچوونی پێشەنگاکان تاکو بەشداری بکەن و کاڵاکانیان بە بازرگانانی کوردستان و عێراق بناسێنن ھەروەھا پارێزگای سلێمانی خاوەنی گەوەرەتین پڕۆژەی گەنجینەیە کە بازرگانان کاڵاکانیانی تێدا ھەڵدەگرن و لە سلێمانیەوە کاڵاکان دەنێرێت بۆ سەرجەم شارەکانی عێراق.