بانکی ناوەندی عێراق و گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی نرخی دۆلارەوە گەیشتنە رێککەوتن

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و نوێنەری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ئیستانبوڵ کۆبونەوە و رایانگەیاند، هەماهەنگی دەکەن بۆ سەقامگیری نرخی دۆلار و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش جەخت لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری ئابوری عێراق دەکاتەوە.

ئاوێنه‌: بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و براین نیلسۆن، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، باس لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردولاکراوە بەجۆرێک ببێتەهۆی جێگیربونی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی.

ئەوەش هاتوە، لەکۆبونەوەکەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا جەختی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری ئابوری عێراق کردەوە و بڕیاریدا نەرمیش بنوێنێت بەئامانجی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.

بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت، هەردولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان لەرێگەی ئەو کۆبونەوانەی کە 7ی ئەم مانگە لە واشنتن ئەنجام دەدرێن.

دوای کۆبونەوەکەی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ئەمشەو بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دابەزی و لەم کاتەدا 100 دۆلار بە 166 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.