بانکی ناوەندیی عێراق: “قەبارەی قەرزە ناوخۆییەکانی حکوومەتی عێراق گەیشتووەتە ٧٠ تریلیۆن دینار”

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار خەڵەف رایگەیاند کە قەبارەی قەرزە ناوخۆییەکانی حکوومەتی عێراق، گەیشتووەتە ٧٠ تریلیۆن دینار، ئاماژەی بەوەیشدا کە کە یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی زیادی کردووە و لەئێستادا، گەیشتووەتە ١١٣ ملیار دۆلار.

عەممار خەڵەف لە میانی شەشەمین کۆنفرانسی ساڵانەی دارایی و خزمەتگوزارییە بانکییەکان کە لە بەغدا بەڕێوەچوو رایگەیاند کە بانکی ناوەندیی رۆڵی گرنگی ھەیە لە سەقامگیریی دارایی و ئابووریی عێراق و گوتی: ” دەرفەتی زۆر باش لە بواری ئابوورییدا لەبەردەم دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق و کەرتی تایبەت و بانکی ناوەندیدا ھەیە بۆ گەشەپێدانی بەرھەمی ناوخۆیی و پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانەی لە بودجەدا ھەیە”.

باسی لەوەیش کە ئابووریی عێراق لە بەردەم ئاڵنگاریی گەورە دایە، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی یاسای بوودجە گشتیی کە بڕی کورتھێنانی بوودجە زیاتر لە ٦٤ تریلیۆن دینارە و گوتی: “لەئێستادا، قەبارەی قەرزە ناوخۆییەکانی حکوومەتی عێراق، گەیشتووەتە ٧٠ تریلیۆن دینار کە ئەوەیش ئاڵنگارییەکی دیکەیە لە بەردەم سیاسەتی دارایی و نەختینەیی کە فشاری زۆر دروست دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەرزانە”.

عەمار خەلەف جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سیاسەتی داراییدا کراوە، ئامانجی لێیان گەشەپێدانی ئابوورییە لەلایەن حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندییەوە و رایگەیاند کە لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، پێشکەوتنی باش لە بواری بانکی و پرۆسەی پێدانی پارە بەئەلیکترۆنی ھاتووەتە ئاراوە.

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار خەڵەف گوتیشی: ” یەدەگی بانکەکەمان لە دراوی بیانی زیادی کردووە و لەئێستادا، گەیشتووەتە ١١٣ ملیار دۆلار”.

لە یەکی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار خەڵەف رایگەیاندبوو کە کە یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی، گەیشتووەتە ٩٩ ملیار دۆلار.

ئەمەیش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق چەندین رێوشوێنی بە ئامانجی جێگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەربە دۆلار گرتەبەر، بەڵام ھێشتا نرخی دۆلار بەرامبەربە دینار روو لە بەرزبوونەوە و ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٤٨ ھەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت.