بانکی ناوەندیی ئێران: بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ناڕاست هۆکاری دابەزینی بەهای تمەنە

وەزیری کاری ئێران سەردانی گوندەکانی تەبەسی کرد لە خۆراسانی باشوور؛ لە کاتی سەردانەکەدا هاووڵاتییەکی بە تەمەن پێی وت، “ئابووری ئیفلیج بووە، چارەسەری بکەن.”

هاووڵاتییەکە ئەوەشی بە وەزیرە ئێرانییەکە گوت: “خەڵک چاوەڕوانییان لە ئێوە ئەوەیە چارەسەرێک بۆ ئەو هەموو گرانییە بدۆزنەوە. پارەی ئێران لە جیهان بێ بەها بووە.”

دابەزینی بەهای تمەن هۆکارێکی سەرەکی گرانییەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانە لە ئێران. رۆژی شەممە 17-12-2022، نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە نزیکەی 39 هەزار و 500 تمەن.

بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت: بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ناڕاست هۆکاری دابەزینی بەهای تمەنە. بانکی ناوەندیی ئێران لە وەڵامی راپۆرتی رۆژنامەیەکی ئەو وڵاتە کە دەڵێت، لە 90 رۆژی رابردوودا بەهای تمەن 22% دابەزیوە، دەڵێت: دابەزینی بەهای تمەن لەگەڵ راستییەکانی ئابووری ئێران یەکناگرێتەوە. پێشبینیش دەکات بەهای تمەن بە خستنەبازاڕی زیاتری دراوی بیانی بەرز بێتەوە.

عەلی ساڵح ئابادی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران باسی لەوە کرد: “بازاڕ خەریکە بە رێژەیەکی کەم لە ئاڵوگۆڕ، نرخەکان دیاری دەکات. ئێمە پێمانوایە ئەو نرخەی لە بازاڕ هەیە، نرخێکی راستەقینە نییە. پێش لەو بەرزبوونەوەیە دەگیرێت. بانکی ناوەندی وەکو رێکخەری بازاڕ و پلانداڕێژی دراوی بیانی بۆ دابەزاندنی نرخەکان، پلان و سیاسەتی تایبەتی هەیە خەریکە جێبەجێیان دەکات. بە دڵنیاییەوە ئێمە لەو نرخانە رازی نین و دەبێت نرخەکان کەمتر ببنەوە و سەقامگیری بۆ بازاڕ بگەڕێتەوە. ئەوە ئامانجی بانکی ناوەندییە و بەدواداچوونی بۆ دەکات.”

شارەزایانی ئابووری ئێران دەڵێن، حکومەت پلانێکی روونی بۆ کۆنتڕۆڵی نرخی تمەن نییە و پێدانی دۆلار بە نرخی حکومی بە کەسانێکی نزیک لە دەسەڵات و فرۆشتنەوەی لە بازاڕی ئازاد هۆکارێکی سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەنە.

عەتا بەهرامی، شارەزای ئابووریی گوتی: “سەرۆکی بانکی ناوەندی ساڵح ئابادی دەڵێت، دراوی بیانی پێویستمان هەیە و زیاتر لە ئاستی پێویستی وڵاتە، بەڵام دەپرسین لە کوێ هەتانە؟ خۆ ئێوە هەر یەک بازاڕتان نییە، چوارتان هەیە. بانکی ناوەندی، رێکخراوی دراوە بیانییەکان، دراوی بیانی نیمایی و هەروەها بازاڕی ئازاد. مەبەستتان کامیانە؟ تەواوی ئەو کەسانەی دەیانەوێت دۆلاریان بە نرخی نیمایی پێبدرێت، هانی بازاڕ دەدەن نرخەکان بەرز بێتەوە و بچن لەوێ بیفرۆشنەوە.”

دابەزینی زیاتری بەهای تمەن، کاریگەریی تەواو و راستەوخۆی لەسەر نرخی شتومەک و خزمەتگوزارییەکان هەیە. ناجێگیربوونیشی، نەک هەر بازاڕی دراوە بیانییەکان، بەڵکو هەموو بازاڕ ناسەقامگیر دەکات.