ئەوروپا سزای خستە سەر هەناردەی زێڕ و گەورەترین بانکی رووسیا

27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێک سزای نوێیان بەسەر رووسیادا سەپاند و بەم هەنگاوە دەیانەوێت هێندەی تر رووسیا پەراوێز بخەن.

رووسیا بە چوارەم گەورەترین هەناردەکاری زێڕ لە دنیادا هەژمار دەکرێت و ئەو کانزا گرانبەهایە لە پاڵ نەوت و وزە بە گرنگترین سەرچاوەی دراوی بیانی رووسیا هەژمار دەکرێت. لە ساڵی 2020دا رووسیا بایی سەرووی 18 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار زێڕی فرۆشتووە.

یەکێتی ئەوروپا جگە لە کەرتی زێڕی رووسیا ، بانکێکی گەورەی ئەو وڵاتەشیان سزا داوە کە ناوی سبەربانکە و بەهۆی ئەم سزایە تەواوی ئەو مامەڵانەی بانکەکە لەگەڵ ئەوروپا دەیکرد دەوەستێنرێن جگە لەو مامەڵانەی پێوەندییان بە خۆراک و پەینی کیمیایی هەیە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، یەکێتی ئەوروپا هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا دەستی بە سەپاندنی سزاکانی کرد و هاوردەی نەوت، چیمەنتۆ، خەڵووز، ڤۆدکا، دار، خۆراکی دەریایی، پێداویستییەکانی راو و چەندان بەرهەمی تری قەدەغە کرد.

ئۆکراینا پێی وایە دەبێ ئەوروپا سزای زیاتری رووسیا بدات و ئەوەی دەکرێ هێشتا کەمە و دەبێ رووسیا زیاتر پەراوێز بخرێت.