“یەکەم ژوور بووین کە پێشآنگای نێودەوڵەتییمان هەبێت لەئاستی عێراق‌و کوردستاندا” 

ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

یاسین رەحیم، جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە بەحوکمی هەڵکەوتەی جوگرافی سلیمانی پەیوەندییەکی بازرگانی گەورەی لەگەڵ ولاتی ئێران هەیە، ئەو دەڵێت “یەکەم ژوور بووین کە پێشآنگای نێودەوڵەتییمان هەبێت لەئاستی عێراق‌و کوردستاندا”.

یاسین رەحیم سەبارەت بەدەستپێکردنی پەیوەندییەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند کە ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی ئەوکاتی ژوور، ئێرانییەکان یاتر ھاتنە پێشەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بازرگانی‌و سەرمایەگوزاری لەگەڵ ھەرێمی  کوردستان بکەن، ئەو وتی “ھۆکارەکەشی دەگەرێتەوە بۆ بڕیارەکانی ئەو کاتەی ھەڤاڵ مام جەلال کە زۆر مەبەستی بوو لەگەڵ ئێرانییەکان کارو ھەماھەنگی دروست بکرێت لەبەرئەوەی ئێران وەکو وڵاتێکی دراوسێ مامەڵەی لەگەڵ ھەرێم دەکرد، توانا بازرگانییەکانی ھەرێم‌و سلێمانیش لەئاستێکی دڵخۆشکەردا نەبوو لەکۆمەڵێک بواردا”.

 وتیشی “دەستپێکردنی کارکردنی ھاوبەش لە شاری  سنەی خۆشەویستەوە دەستیپێکرد، کە شاندێکی بازرگانی ئەوان ھاتە سلێمانی‌و سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیان کرد، دیارە ژووری بازرگانی سنە لەڕووی کلتوری‌و پێشانگاوە لەئێمە بەئەزمونتر بوون ،داوامان لێکرا لەسلێمانی پێشانگایەک بکەینەوە بۆ کاڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێشنیازەکە بۆ ھێنانی کاڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو بەگشتی نەک تەنھا شاری سنە. ئەوکاتە بەڕاستی ئێمە ھیچ ئەزمونێکمان نەبوو لەمەسەلەی کردنەوەی پێشانگا، وەک ئێستا بیدەن بەکرێ‌و ببێتە سەرچاوەی داھات بۆمان، شارەزایی ئەو مەسەلانە نەبووین، لەڕاستیدا شوێنێکی شیاویش نەبوو کە پێشەنگای تێدا بکرێتەوە بۆیە بڕیارماندا لە پشتی سلێمانی پالاس کۆمەڵێک ھۆڵ ھەبوو، توتنی تێدا ھەڵدەگیرا لەسەر ئەوەی ئەو شوێنەمان بدرێتێ، بەڕاستی جەنابی ھەڤاڵ مام جەلال ئەوکات  حاکم قار حەمەجان کە سەرۆکی شارەوانی بوو لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرسی تری شاری ئاگادار کرد  کە  ھاوکاریمان بکەن. لەکاتی کردنەوەی پێشانگاکەشدا ھەڤاڵ مام جەلال خۆی ئامادە بوو پێشەنگاکەی کردوە ئەوە  زۆر مامەیەی خۆشحاڵی بوو بۆ ئێرانییەکان‌و ئێمەش، کە خۆشبەختانە ل ماوەی کردنەوەیدا سەرکەوتنی باشی ب دەستھێنا، ئەمە دەستپێکی پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران بوو”.

یاسین رەحیم ئاماژە بەوە دەکات کە لەدوای سەرکەوتنی ئەو پێشانگایە، وەک ژووری بازرگانی‌و‌ پیشەسازی سلێمانی بیریان لەوە کردوەتەوە پارچە زەوییەک  تەرخان بکەن بۆ دروستکردنی بینای پێشانگایەکی نێودەوڵەتی لەشاری سلێمانی  بەو پێیەی کە پێشانگا داھاتی دەبێت‌و دەبێتە ھۆی جوڵەی بازاڕو  دەبێتە مینبەرێکیش بۆ ناساندنی  براندی بازرگانی‌و کلتورو بارودۆخی دارایی‌و ئارامی ناوچەکەت‌و ناساندنی بەوڵاتانی جیھان، ئەو وتی “لەدوای یەکەمین پێشانگاوە، کۆنسوڵ‌و باڵوێزی وڵاتان‌‌و نوێنەری دەوڵەتان‌و کەسایەتیەکان بەشداریان لەپێشانگاکاندا دەکرد، ئەمریکی‌و ئەروپییەکانیش سەردانیان دەکردین. بۆ مێژوو دەڵێم، بەھەوڵی جەنابی ھەڤاڵ مام جەلال زەویمان پێدرا بەنرخێکی رەمزی، ئەوکاتە پڕۆژەکەمان دا بەژووری بەزرگانی عێراقیئەمریکی، ئەوان دروستیان کرد، پاش ساڵێک لەدروست کردنی بەرپرسی ژووری بازرگانی عێراقیئەمریکی توشی کێشەیەک ھات  لەگەڵ حکومەتی عێراق، ئێمەش لەو کاتەدا ملیۆنێک دیناری سویسریمان دا بەو ڕێکخراوە تاکو پەیوەندییان بەخاوەنداریکردنی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانیەوە نەبێت، پێشانگاکە بە ٧٥ ڕۆژ دروست کرا، ئەمەش جیاوازی نێوان کەرتی تایبەت‌و کەرتی حکومی دەردەخات”.

وتیشی “کردنەوەی پێشەنگاکان بوو بەھۆکارێکی باش بۆ ناساندنی دنیای دەرەوە، چەندین پێشانگای نێودەوڵەتی تێدا کرایەوە بە بەشداری وڵاتانی ئەوروپی، ڕەوشی پێشانگا زۆر باش بوو لەبەر ئەوەی  لەو کاتەدا لەعێراق پێشەنگا نەدەکرایەوە، ھەولێر پێشانگای تێدا نەبوو، تاکە پێشانگایەک لەعێراق ھەبوو بێت لەو کاتەدا پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بوو کە چالاکانە کاری دەکرد لەژێر چاودێری‌و سەرپەرشتی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی. ئەو کاتە پێشانگاکە داھاتی زۆر باش بوو،  توانیشمان پەیوەندی بازرگانی‌و سیاسی‌و ئیداری دروست بکەین، پێشانگا کاریگەری بەرچاوی لەسەر جوڵەی بازاڕی سلێمانی ھەبوو لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی لەکاتی کردنەوەی پێشانگاکان سەردانی سلێمانیان دەکردو پێویستیان بەھوتێل‌و چێشتخانەو ھاتوچۆو کڕینی دیاری بوو، ئەم ڕەوشە تاکو ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بوو دواتر ھاتنی داعش‌و قەیرانی دارایی دروستبوو لەکوردستان”.

یاسین رەحیم سەبارەت بەتوندوتۆڵی پەیوەندییەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە هەر لەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار زۆر به‌ره‌و پێش چووە، ئەو وتی “یه‌كه‌مین هۆكار بریتی بوو له‌وه‌ی له‌دوای دروستكردنی حكومه‌تی هه‌رێم‌و شه‌ڕی ناوخۆو سه‌رده‌می دوو ئیدارەییی، كه‌ ئه‌و كاته‌ هێشتا سه‌دام حسێن له‌سه‌ر حوکم بوو، سلێمانی به‌س ئێرانی هه‌بوو بۆ پەیوەندی بازرگانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی یه‌كێك له‌كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان گه‌شه‌پێدان‌و زیادكردنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانی‌و ئابوریه‌كان بوو له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئه‌و كاته‌ پرۆتۆكۆڵی كاركردنی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ژووره‌ بازرگانییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ كرد”.