ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجە دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و لە میانیدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی دەکات.

فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کارنامەی دانشتنەکەی ئەمڕۆی بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ یەک تەوەر لەخۆدەگرێت کە ئەوەیش تایبەتە بە ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥.

رۆژی شەشی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بوودجە کرد.

پێشتر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موعین کازمی رایگەیاندبوو کە کۆتایی مانگی ئایاری داھاتوو، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ دەخرێتە دەنگدانەوە.

لە ١٣ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد.

پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو کە قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.