ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی عێراق بەڕێژەی 40% کەمیکردووە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشکرایکرد، کەمئاوی و وشکەساڵی کاریگەریی نەرێنیی توندی لەسەر بەرهەمی گەنم هەبووە لەسەرتاسەری وڵاتدا، بەوهۆیەوە ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بەڕێژەی 40% کەمیکردووە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بەزرگانیی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا بڕی سێ ملیۆن و سێ سەد هەزار تۆن گەنمی ناوخۆیان کڕیوە، لەکاتێکدا بۆ ئەمساڵ تەنها یەک ملیۆن و نۆ سەد هەزار تۆن گەنمی ناوخۆ هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لەبەرهەمی گەنمدا هەیە، بۆ ئەمساڵ پێویستیان بە کڕینی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم دەبێت لەدەرەوەی ولاتەوە”.

بەپێی بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی ئەو برە گەنمە، لەو پشکە دەکڕن کە لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا بۆیان دیاریکراوە.

سەبارەت بە گەنمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاریدا بڕی 375 ھه‌زارتۆن گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێم وه‌ربگرێت، بۆ هەر تۆنێکیش بۆ گەنمی پله‌ یه‌ك به‌ 470 هەزاردینار، پله‌ دوو به‌ 400 هه‌زار دینار و گه‌نمی پله‌ سێش به‌ 325 هه‌زار دینار دیاریکرا.

بەڵام بۆ ئەمساڵ لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنەی گەنمدا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاریدا سەرجەم گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بۆ هەر تۆنێک گەنمیش بڕی 850 هەزار دینار دەدرێت بە جوتیار.