بــــــــــــاج

شەن جەزا کەریم

مرۆڤ لەبەرئەوەی بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە توانیویەتی شارستانیەت دابمەزرێنێت، ڕۆژ بەڕۆژیش سیستم بۆ ژیان زیاتر ڕێکئەخرێت‌و پەرەی پێئەدرێت، لە ئەنجامدا دەوڵەتداری بوە بەکۆڵەکەی بەهێزی ئەو شارستانییە.

بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش پێویست ئەکات داهات‌و پارەی هەبێت‌و داراییەکی بۆ دابین بکرێت بۆ خەرجی‌و پێداویستیەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت، هەربۆیە ئەو ئەرکە خراوەتە سەر تاکی بەرهەمهێن‌و خاوەن داهاتی کۆمەڵگا کە ئەو خەرجیانە دابین بکات.

کاتێک لاپەڕەکانی مێژوو هەڵئەدەینەوە ئەبینین لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتو کاڵدا بازرگانیش هاتۆتە گۆڕێ، هەر لەگەڵ ئەم چالاکیانەدا دەسەڵات‌و دامەزراوەکانی باجیشیان سەپاندوە لەسەر بەرهەم، کەواتە ئەتوانین بڵێین باج‌و بەرهەم وەک دوانەیەک دروست بوون. زیاتر لەهەشت هەزار ساڵ پێش عیسای مەسیحەوە لەکەنارەکانی دیجلەو فوراتدا کە کشتوکال کراوەو دانەوێڵە بەرهەم هاتوە، باجی خراوەتە سەر، هەروەها لەکانەکانی مس‌و بەردی پیرۆزەدا باجێک دانراوە، دیارە کە وەک ئێستا بەشێوەیەکی ڕێکخراوو سیستماتیک نە بوە، بەڵام بەڕێژەیەک بڕێک لەبەرهەمەکە دراوە بەدامودەزگای دەوڵەت.

هەروەها لەنیشتمانی فیرعەونەکانیشدا باج لەسەر دانەوێڵە دانراوە بۆ خەرجی‌و خۆراکی سوپا، پاش ئەم قۆناغە، باجە ئاینییەکان دروستبون وەک ئەوەی موسوڵمانەکان لەسەر ئەو جولەکانەیان دانا کە لەمەدینە بوون لەبەرامبەر مانەوەیان لەسەر ئاینەکەی خۆیان.

هەروەها کاتێک دەسەڵات‌و دیکتاتۆرەکانیش تەنگاو ئەبون بۆ پارەو داهاتی دارایی، باجی سەیرو سەمەرەیان لەسەر خەڵک‌و کۆمەڵگا دائەنا وەک باجی خوێ لەفەرەنسا، وەک باجی ڕیش‌و شەپقە لەبەریتانیا، باجی هەوا، باجی رەنگی چاو، باجی سەما کە هەتا سەدەی نۆزدەش لەمیسردا هەر ماوە، یان باجی چەتر لەشاری ڤینیسیای ئیتالیا کە هەتا ساڵی ١٩٩٣ لەسەر خاوەن چێشتخانەکان دانراوە کە لەدەرەوەی چێشتخانەکانیان چەتریان داناوەو باجی سێبەریشیان پێوتوە، یاخود باجی توالێت لەئەمریکا لەسەرەتای سەدەی رابوردوداو بەدەیان جۆر باجی سەیرو سەمەرەتر.

ئەمڕۆ کە لەجیهاندا دەوڵەتان سیستماتیک بون بەچەندین شێوە باجیان ڕێکخستوە بۆ کۆکردنەوەی داهات بەمەبەستی بەڕێوەبردنی خەرجیەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

با هەندێ ڕۆشنایی بخەینە سەر باج لەئێستادا:
• باج چییە؟ بڕێک پارەی کاشە کە دەوڵەت وەریئەگرێت لەخاوەن داهات، تاکەکەس بێت یان کۆمپانیا، بەپێی ئەو زانیاری‌و لیستانەی کە دەریئەخات لەژێر چاودێریدا باجدەر داهات‌و دەسکەوتی ساڵانەی چەند بوە، یەکێک لەو کێشانەی کە لەبواری باجدا لەکوردستاندا هەیە ئەوەیە باج بەپێی خەمڵاندنەو ئەمەش نابێتە سیستم، بۆیە باجدەر هەمیشە ناڕازییە، زۆرجاریش غەدری لێکراوە، دەوڵەتیش باجی پێویست کۆناکاتەوە زەرەرمەندە.

• باجی خاوەندارێتی یان (موڵکداری) کە ئەخرێتە سەر خاوەن موڵک وەک باڵەخانە یان زەوی‌وزار، ئەمەش بەپێی یاسا ڕێکئەخرێت، ئەم باجە لەباجی داهات جیا کراوەتەوە، واتە هەردوو باجەکە ئەبێت بدرێت.

• باج ساڵانەیەو ئەبێت لەکاتی خۆیدا بدرێت، ئەگەر دوابکەوێت ئەوە سزای دارایی بەڕێژەیەک ئەچێتە سەر.
• باج بۆ هەندێ ئامانج وەرئەگیرێت لەوانە (ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، بەڕێوەبردن یان کارگێڕیی).

• باج لەهەر وڵاتێک سیستمی خۆی هەیە بەپێی یاسای ئەو وڵاتە ڕێکخراوە.

• باجی ڕاستەوخۆ: ئەو باجەیە کە ڕاستەوخۆ لەداهاتی مانگانە یان هەفتانە یان ڕۆژانە لەداهاتی کرێی کار وەرئەگیرێت یان ئەچێتە سەر فاکتۆری کڕین یان خزمەتگوزاریەکان لەزۆر وڵاتی دنیادا لەڕێژەیەکی دیاریکراوەوە دەستپێئەکات بەیاسا ڕێکخراوە. ئەم باجە دوبارە نابێتەوە ساڵانە بەپێی پرۆسەیەکی ژمێریاری لەباجی سەرەکی دەرئەکرێت.

• باجی ڕێژەیی: لەزۆر شوێنی دنیادا باج ڕێژەکەی بەرز ئەکرێتەوە بەپێی داهات تا داهات زیاتر بێت باجیش زیاد ئەبێت بەڕێژەیەکی هاوتەریب.

• لەهەندێ سیستمی سەرمایەداریدا گەورە کۆمپانیاکان باجەکانیان زۆر نیە بەهۆکاری ئەوەی هەلی کاری زۆر ئەڕەخسێنن بۆ هێزی کار لە وڵاتدا.

• هەروەها لەو وڵاتانەدا کە سیستمی حوکمڕانی‌و داهات شەفاف‌و ڕوونەو دامەزراوەییە باجدەر ئەتوانێت بەپێی سیستمێکی حسابی‌و ڕێژەیی باج بدات.

• باجدەر مافی تانەدانی هەیە لەسەر ئەو باجەی ئەخرێتە سەری‌و ئەتوانێ داوای یاسایی تۆمار بکاو بەدوای مافی خۆیدا بچێت، بەمەرجێک دۆکۆمێنت‌و پەراوی پشتگیری‌و یاسایی لەبەردەستدا بێت.

• ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبکەین لەبەرامبەر باج وەرگرتندا دەسەڵاتیش ئەبێت خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، پارەی باج لەژێرخانی ئابوری‌و بنایتناندا خەرج بکات. هەروەها خزمەتگوزارییە سەرەکیەکانی هاوڵاتی دابین بکات کە لەدوو سێکتەری سەرەکیدا ئەبێتە ئەرکی دەوڵەت، لە وڵاتانی دامەزراوەیی‌و خاوەن بەرنامەدا سێکتەری تەندروستی‌و خوێندنە بۆ تاکی کۆمەڵ.

• جێی خۆیەتی لێرەوە بەدەسەڵات بڵێین ئەو دوو سێکتەرە مافێکی سەرەتایی تاکی كۆمەڵەو ئەبێت حکومەتەکەمان ڕەچاوی بکات، کەواتە ئێستا کاتی ئەوەیە بڵێین یاساو سیستمی باج پێویستی بەپێداچونەوەو ڕێکخستنەوە هەیە کە هەردولا مافیان پارێزراو بێت، هاوڵاتی‌و دەوڵەت گلەیی‌و گازندەی باجدەریش بەهەند وەربگیرێت.