ئه‌و زانیاری و رێنماییانه‌ پێویسته‌ بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی غاز بیزانیت

له‌ماوه‌ی رابردودا چه‌ند روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و ته‌قینی غاز له‌ هه‌رێمی كوردستان رویانداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و برینداربون، كۆمه‌ڵێك زانیاری و رێنمایی هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هاوڵاتیان بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی غاز بیزانن.

میدیای فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك رێنمایی پەیوەست بە غاز و سۆپای غاز بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئەوەی لەکاتی رودانی روداوی هاوشێوە و نەخوازراو، جێبەجێی بکەن تاوەکو پارێزراو بن و لە مەترسییەکان بەدور بن.

بۆ ئەوەی لە ڕوداوی نەخوازراوی پەیوەست بە غاز پارێزراو بیت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:
یه‌كه‌م: هەرکاتێک بۆنی غاز هات، نابێت دەستکاری سویچی کارەبا بکەیت یان ئاگر دابگیرسێنیت.

دوه‌م: دەبێت پەنجەرە و دەرگاکان بەتەواوی بکەیتەوە.

سێیه‌م: ئەو شوێنەی بۆنی غازی لێدێت، دەبێت بەخێرایی چۆڵ بکرێت.

بۆ ئەوەی لە ڕوداوی نەخوازراوی پەیوەست بە سۆپای غاز پارێزراو بیت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:
یه‌كه‌م: بوتڵی غاز لە چێشتخانە دامەنێ و نابێت بوتڵی غازیش لەنزیک سۆپا هەڵبگیرێت.

دوه‌م: دەبێت بوتڵی غاز لە شوێنێک بێت، کە هەواگۆڕکێی هەبێت و دوربێت لە تیشکی خۆر و ماددەی سوتێنەر.

سێیه‌م: پێویستە دڵنیابیت لەوەی، كە سۆندەی غاز کوالێتیی باشە و هیچ کێشەیەکی نییە.

چواره‌م: هەمیشە لەبیرت بێت پێش نوستن یان جێهێشتنی ماڵ، غاز لە سەرچاوەکەیەوە بگریتەوە.

بۆ ئەوەی لە ڕوداوی نەخوازراوی پەیوەست بە لێچونی غازی شل پارێزراو بیت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:

یه‌كه‌م: لەکاتی لێچونی غاز لە ماڵ، بەلایەنی کەم 100 مەتر لەو جێگایە دور بکەوە.

دوه‌م: لەکاتی لێچونی غاز لە هۆتێل، چێشتخانە و شوێنەکانی تر، 800 مەتر دور بکەوە.

سێیه‌م: لەکاتی بونی ئاگر لە تانکی غازی بەنزینخانەکان، کیلۆمەترێک و 50 مەتر لەو شوێنە دوربکەوە.