ئاسیاسێڵ: لەبارەی لابردنی باجی سەر کارت روونکردنەوە دەدات

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەڵێت “ئامادەیی تەکنیکیی و ڕێکخراوەیی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری لابردنی باج لەسەر کارتی پڕکردنەوەی باڵانس بۆ مۆبایل.

لە روونکردنەوەیەکدا  ئاسیاسێڵ رایدەگەیەنێت: چەندین ساڵە کاردەکەین بۆ پەسەندکردنی ئەم بڕیارە لە ڕێی پێشکەشکردنی چەندین داواکاریی وگفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن.

ئاسیاسێڵ “پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و بەشداربووە بەڕێزەکان دەکات بە بۆنەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە لابردنی باجی زیادکراوی سەر کارتەکانی پڕکردنەوەی باڵانس کە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی تێچووی پەیوەندی و ئینتەرنێت بۆ بەشداربووان لە عێراق”.

بڕیاری لابردنی باجی فرۆشتنی سەر کارتەکانی پڕکردنەوە بڕەکەی %20 ی نرخی کارتەکانە.

لابردنی ئەم باجە دوای تاوتوێکردنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دۆسیەی باجی دانراو لەسەر کارتەکانی پڕکردنەوەی مۆبایل و ئینتەرنێت بڕياری لەسەر درا لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا رۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 22 تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2022 بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی.

ئاسیاسێڵ دەشڵێت “بڕیارەکە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی بەشداربووان دوای ئەوەی ساڵی 2015 و لە کاتی جەنگەکانی ڕزگارکردن وبە هۆی خراپیی بارودۆخی ئابوورییەوە سەپێنرا”.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە لابردنی ئەو باجی فرۆشتنەی خرابووە سەر کارتەکانی پڕکردنەوە کە بڕەکەی (%20) بوو، لە بەرواری 1 ی كانونی یەکەمی 2022 ــەوە، و ئەنجومەنی ناوبراو کۆمسیۆنی گەیاندن و ڕاگەیاندن “CMC”ی ڕاسپارد بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

ئاسیاسێڵ ئاشکرایدەکات “ئامادەیی تەکنیکیی و ڕێکخراوەیی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کە ئاسیاسێڵ چەندین ساڵە کاردەکات بۆ پەسەندکردنی لە ڕێی پێشکەشکردنی چەندین داواکاریی و گفتوگۆکردنی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن.