قوباد تاڵەبانی: ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێم كاردەكەن ورەیان لەوە بەهێزترە بە دو موشەك بڕوخێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشەكانی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، رایگەیاند، هێشتا دیار نییە چ پەیامێك لەپشت ئەو هێرشانەوەیەو دوای لێكۆڵینەوە وەڵامیان لەوبارەیەوە دەبێت. دەشڵێت، ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ئەو كۆمپانیایانەی لێرە كاردەكەن لەوە بەهێزترە بە دو موشەك بڕوخێت.

 قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ(شەممە)، لەمیانی بەشداریكردنی لە پێشانگایەكی هەلی كار لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان لەبارەی هێرشەكانی سەر كێڵگەی كۆرمۆر رایگەیاند”نازانین ئەو هێرشانە چ پەیامێكیان لە پشتە. ئەبێ چاوەڕێی لێكۆڵینەوە بكەین. گرنگ ئەوەیە هیچ زیانێكیان نەبوە نە زیانی ماددی و نە گیانی.”

جێگری سەرۆكی حكومەت وتیشی”چاوەڕێین بزانین دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بەرەو كوێ ئەمانبەن. تاكو ئێستا هیچ ئەنجامێك نییەو لێكۆڵینەوە بەردەوامە.”

ئەوەشی خستەڕو”ئێمە لەو ھێرشانە دەكۆڵینەوە بزانین سەرچاوەكانی كوێیەو كێن، ئەو كاتە وەڵامی خۆمانمان دەبێت”

هەروەها وتیشی”زیانەكانی ئەو هێرشانە رەنگە كەمێك زیانی مەعنەوی بوبن و دڵەڕاوكێیەكیان دروست كردبێت. بەڵام خەڵكی كوردستان و ئەو كۆمپانیایانەی لێرە كاردەكەن ئیرادەیان زۆر بەهێزترە لەوەی كە بە دوو سێ موشەك ورەیان بڕوخێت.”