پەرلەمانتارێکی عێراق: دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر بودجە نابێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا کاتییە و کاریگەری لەسەر بودجە نییە، چونکە بەپێی ڕێژەی ساڵانە هەژمار دەکرێت نەک تەنها دو رۆژ کە نرخی نەوت دابەزین بەخۆوە ببینێت.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەڕێژەی 95% عێراق وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات پشت بە نەوت دەبەستێت، بەڵام ناتوانین بۆ ماوەی دو ڕۆژ یان زیاتر پشت بە دابەزینی نرخی نەوت ببەستین، ئەم دابەزینە پەیوەستە بە هەندێک بارودۆخەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هیچ ترسێک لە دابەزینی ئێستا و کاریگەرییەکانی لەسەر بودجە نییە.

وتیشی، “ناتوانرێت تەنها بە دابەزینی نرخی نەوت بۆ چەند ڕۆژێک حوکم لەسەر سەرچاوە نەوتییەکانی عێراق بدرێت، چونکە بودجە وەک ڕێژەیەکی ساڵانە هەژماری بۆ دەکرێت نەک تەنها دو رۆژ، بەو پێیەی ئەگەری بەرزبونەوەی نەوت هەیە لە ماوەی یەک دو مانگی داهاتودا، ئەوەی لە ناو بودجەش هەژماردەکرێت لەسەر ڕێژەی ساڵانەیە، بۆ ئەمەش هیچ کاریگەرییەکی کەمبونەوەی نییە”.

بەگوێرەی پرۆژەیاسای بودجە، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار دیاریکراوە، بەڵام لەئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 72.97 دۆلار، نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش بەڕێژەی 66.74 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمەش ترسی لەزیادبونی کورتهێنان دروستکردوە، لەکاتێکدا بەپێی ئەو نرخەی حکومەت دیاریکردوە رێژەی کورتهێنان 64 ترلیۆن دینارە.