سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک: پێویستە پێناسەی گومرکی لە سەرانسەری عێراق وەکو یەک بێت

سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک،  رایگەیاند “بەھۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە لە سەرچاوەی بەرهەم هێنانەوە نرخ بەرزبووەتەوە، بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راستەوخۆ ھاوکاری بازرگانان بکات بۆ ئەوەی زیاتر خۆراک لەسەر ھاووڵاتییان گران نەبێت”.

ئەیاد حەسەن سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک  رایگەیاند: “پێش ماوەیەک ژووری بازرگانی دھۆک و پارێزگاری دھۆک و بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل لەگەڵ ١٠ بازرگانی ھاوردەکردنی ئارد، زەیت و روون کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بگەن بە رێگەچارەیەک بۆ ھەرزانکردنی کەلوپەل و خۆراک، بە تایبەتی زەیت و روون و گەیشتنە ئەنجامێک کە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی کاتی لێخۆشبوونی گۆمرکی بۆ ئەم بازرگانانە دەربکات بۆ ئەوەی لە کاتی ھاوردەکرنی کاڵاکاندا زیاتر لەسەریان گران نەبێت، بە تایبەت کە گەیشتووینەتە مانگی رەمەزان و ئەوانیش نرخی کاڵاکان لەسەر خەڵک گران نەکەن، بۆیە گرنگە حکوومەت لە پرسی کۆنترۆڵکردنی بازاڕدا بەشدار بێت و لێخۆشبوونی گومرکی بۆ بازرگانان دەربکات”.

ئەیاد حەسەن وتيشى: “پێویستە پێناسەی گومرکی لە سەرانسەری عێراق وەکو یەک بێت کە بەداخەوە لە زۆرێک لە دەروازەکانی عێراق کاڵاکان بە قاچاغ هاوردە دەکرێن و چاودێری حکوومەت لەسەر بەندەرەکانی عێراق لاوازە، ئەوەش کاریگەری کردووتە سەر بازرگانانی دیکە کە لە دەروازەکانی تری عێراق کاڵا دەھێنن”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک راشیگەیاند “تورکیا ئاواتەخوازە ئالۆگۆری بازرگانی ساڵانە لەڕێی دەروازەی ئیبراھیم خەلیل بگەیێنێتە نزیکەی ١٠ بۆ ٢٠ ملیار دۆلار، بەڵام بەھۆی کۆرۆنا و شەڕی داعش ئەم ئاڵوگۆرە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لاواز بووبوو باشترین ئاڵوگۆرکردنیش ساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣ بوو کە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار بوو”.

ئەیاد حەسەن باسی لە ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ کردنەوەی ھێلى ئاسمانیی دیاربەکر- ھەولێر و وتی: “لە چوارچێوەی پێشانگای گەشتیاریی و خواردنی میزۆپۆتامیادا کە لە شاری دیاربەکر لە رۆژی ٢٤/٣/٢٠٢٢ کراوەتەوە، پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو پێشنیازی بۆ تورکیا کرد کە بۆ ئاسانکاری لەنێوان بازرگاناندا ھێڵی ئاسمانیی لەنێوان ھەولێر و دیاربەکردا بکرێتەوە کە ئەو ھێڵە بۆ کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی باش دەبێت و ھاتوچۆ ئاسان دەکات و پێم وایە لە کاتێکی نێزیکدا رەزامەندی لەسەر دەدرێت”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک، ئەیاد حەسەن باسی لە گرنگی پرۆژەی ناوچەی پیشەسازیی پارێزگای دھۆک کرد کە ساڵی ٢٠٢٠ بە گوژمی ٧٠ ملیار دینار بەردی بناغەی بۆ دانراوە کە ‌گەورەترین ناوچەی پیشەسازیی دەبێت لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و گوتی: “پرۆژەکە لە سێ قوناغ پێکدێت ئێستا قوناغی یەکەم تەواو بووە کە زیاتر لە هەزار دەرفەتی نوێی کار دەرەخسێنێت و سوودێکی ئێکجار زۆری دەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیارانی ناوخۆ کە بەرھەمەکانیان ساغ دەبێتەوە لەو ٢٢٩ کۆگایانەی کە بۆ ھەڵگرتنی بەرھەمی خۆراک لەو بڕیارە لەو ناوچە پیشەسازییە دروست بکرێن”.